حزبی دەعوە: پێویستە گەلی عێراق رێگە نەدات كودەتا بەسەر دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵاتدا بكرێت
  2025-03-16       380       

حزبی دەعوە لە ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجەدا رایدەگەیەنێت، گەلی عێراق لەرابردودا بە بەیەكڕیزی و قوربانیدانەكانی توانی قۆناغی سەختی تاوانە قێزەونەكانی حزبی بەعس تێپەڕێنێت و ئێستاش پێویستە لەسەری رێگەنەدات بە دوبارە بونەوەی ئەو ئەزمونە تاڵەو رێگا نەدات بە كودەتاكردن بەسەر  دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات و لێدان لە سیستمی دیموكراسی و فرەیی و فیدراڵیی عێراق.

ئاوێنە: مەكتەبی سیاسیی حزبی دەعوە، ئەمڕۆ شەممە 16ی 3، لە پەیامێكدا بە بۆنەی ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجەوە رایگەیاند، تاوانە قێزەونەكانی بەعس، وەك شایەتێك لەسەر قۆناغێكی تاریكی مێژویی هاوچەرخی عێراق دەمێننەوە و نەوە لە دوای نەوەو بەدرێژایی سەردەكان، پەڵەیەكی رەشیش دەبن بۆ راوەدونانی بەعسییەكان.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، خوێنی هاوبەشی عێراقییەكان و خەباتی سیاسییان لە باشورەوە بۆ باكوری عێراق، رژێمی بەعسی راماڵی و فڕێی دایە زبڵدانی مێژوەوە، گەلەكەمان بە قوربانیدانە بەرچاوەكانی و بە یەكڕێزیی نیشتمانی و هەڵوەستەكانی لەدژی دیكتاتۆرییەتی بەعس، توانی ئەو قۆناغە سەختە تێپەڕێنێت و ئێستاش پێویستە لەسەری كە بەهیچ شێوەیەك رێگە نەدات بە دوبارەبونەوەی ئەو ئەزمونە تاڵە یان رێگە نەدات بە بە بارمتەگرتنی ئیرادەی یاخود كودەتاكردن بەسەر دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات یان لێدان لە سیستمی دیموكراسی و فرەیی و فیدراڵیی عێراق كە دەستكەوتی سەرجەم عێراقییەكانە بە تەواوی پێكهاتەكانییەوە.

جەختیشی كردۆتەوە، لە ساڵیادی قوربانیانی دەستی بەعس و رژێمە لەناوچوەكەیدا، بەڵێن بە رۆحی شەهیدان دەدەین كە هیچ رۆڵ و پێگەیەك بۆ بەعس و بەعسییەكان لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا نەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×