وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند، لیژنەیەكیان بۆ بەدواداچونی جێبەجێكردنی یاسای گەڕاندنەوەی موڵك بۆ خاوەكانیان پێكهێنراوەو دەشڵێت، جێبەجێكردنی یاساكە پێوێستی بە 6 مانگە.
ئاوێنە: ئەحمەد لوعێبی، وتەبێژی وەزارەتەكە، ئەمڕۆ شەممە، لە لێدوانێكدا بۆ میدیای رەسمی عێراقی، وتی، لیژنەكە تاوتوێی جێبەجێكردنی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2025ی كردوە كە تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی قیادەی سەورەی هەڵوەشاوەو گەڕاندنەوەی موڵك بۆ خاوەكانیان.
وتوشیەتی، لیژنەكە جەختی كردۆتەوە لەسەر دەركردنی رێنماییەكان بۆ جێبەجێكردنی یاساكە لەماوەی 6 مانگدا.
بەپێی قسەی ئەحمەد لوعێبی لیژنەكە لەلایەن زیاد تەمیمی، بریكاری وەزارەتی دادەوە سەرۆكایەتی دەكرێت و نوێنەرانی دیوانی چاودێری دارایی، ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی كشتوكاڵ، ئەندامن لە لیژنەكەدا.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە، هێشتا رێكارەكانی جێبەجێكردنی یاساكە تەواو نەبون، چەند راسپاردەیەك بۆ سەرۆك وەزیران بەرزكراونەتەوە یەكێك لەوانە ئەوەیە كە لیژنەیەك بە سەرۆكایەتی بەڕێوەبەری گشتی زەوییە كشتوكاڵییەكان لە وەزارەتی كشتوكاڵ پێكبهێنرێت بەمەبەستی دیراسەكردنی هەر حاڵەتێك و رێگەدان بە جوتیاران بۆ كاركردن لەسەر زەوییەكانیان لەكاتی نەبونی هیچ بەربەستێكی یاسایی.
ئاماژەی بەوەشداوە، راسپاردەیەكی دیكەی لیژنەكە بۆ سەرۆك وەزیران ئەوەیە كە فەرمان بدات بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك بە لابردنی زێدەڕۆییەكان لەسەر ئەو موڵكانەی كە ناكۆكی یاساییان لەسەر نییە، بەمەبەستی رێگەدان بە خاوەنەكانیان بۆ بەردەوامبون لەسەر كاركردن لەو زەوییانە بەپێی یاسا.
ئەوەشی خستۆتەڕو، هەروەها لیژنەكەیان راسپاردەی ئەوەی بەرزكردۆتەوە كە فەرمان بدرێت بە ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك و دیوانی پارێزگا و سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان، بۆ پێكهێنانی چەند تیمێك بۆ سەردانكردنی ئەو ناوچانەی یاساكە دەیانگرێتەوەو هۆشیاركردنەوەی جوتیاران لەسەر ئەوەی كە دەرچونی رێنماییەكانی جێبەجێكردنی یاساكە دەبێتە گەرەنتی بۆ چارەسەركردنی سەرجەم ئەو كێشانەی كە لە ساڵانێكە بەدەستیانەوە گیرۆدەن.