لە پاش کۆبوونەوەی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی حکومەتی ڕاگوزەری سووریا لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانیش کۆبوونەوە و سوودانی ڕایگەیاند، ئامادەین بەشداری لە ئاوەدانکردنەوەی سووریادا بکەین.
ئاوێنە: محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی پێشوازیکرد لە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی کۆماری سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر، سوودانی پابەندبوونی وڵاتەکەی بە یەکگرتوویی خاکی سووریا و ڕێزگرتن لە فرەڕەنگیی ئەو وڵاتە دووپاتکردووەتەوە.
سوودانی خواستی بەغدادیشی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەیەکی سیاسیی گشتگیر دربڕیوە کە هیچکام لە نەتەوە و ئایینەکانی ناو سووریا لێی بێبەشنەبن.
هەروەها سەرۆک وەزیرانی عێراق ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕیوە بۆ بەشداریکردن لە ئاوەدانکردنەوەی سووریا و دابینکردنی هەموو ئاسانکارییەکی پێویست لەمبارەیەوە.