بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژاڤا)، رایگەیاند، ئەو راگەیەندراوەی بەناوی "راگەیەندراوی دەستوری" لە دیمەشق دەرچوە، كۆمەڵێك بڕگەو شێواز لەخۆدەگرێت كە هاوشێوەی پێودانگ و پێوەرە كارپێكراوەكانی سەردەمی حكومەتی بەعسەو خاڵییە لە شوێنپەنجەو رۆحی پێكهاتە جیاجیاكانی سوریاو گوزارشت لە "عەقڵەیەتێكی تاكڕەوی" دەكات كە درێژكراوەی ئەو دۆخەی رابردوی سوریایە كە گەل لە دژی راپەڕی.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا، لە راگەیەندراوێكدا وتی، لەدوای چەند مانگێك بەسەر كەوتنی رژێمی بەعس و دڵخۆشی گەلی سوریا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە دیمەشق راگەیەندراوێك بەناوی "راگەیەندراوی دەستوری" دەرچوە كە كۆمەڵێك بڕگە و شێوازی تەقلیدی هاوشێوەی پێودانگ و پێوەرە كارپێكراوەكانی سەردەمی حكومەتی بەعس لەخۆدەگرێت.
جەختیشی كردۆتەوە، ئەم كارە جارێكی دیكە ناكۆكە لەگەڵ حەقیقەتی سوریاو ئەو دۆخی فرەچەشنییەی كە لە سوریاو هەیەو كارەكەش ساختەكردنی ناسنامەی نیشتمانی و كۆمەڵگەیی سوریایە، چونكە راگەیەندراوەكە خاڵییە لە شوێنپەنجە و رۆحی رۆڵەكانی سوریاو پێكهاتە جیاجیاكانی لە كوردو تەنانەت عەرەب و هەروەها سریانییەكان و پێكهاتە نیشتمانییەكانی دیكەی سوریا.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئێمە جەخت دەكەینەوە لەوەی كە سوریای ئەمڕۆ پێویستی بە یەكڕیی و یەكگرتویی رۆڵەكانییەتی بۆ بڕیاردان لەسەر ئایندەی دیموكراسی و بەشداریی نیشتمانیی لەپێناو پتەوكردنی شەراكەتی نیشتمان.
هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە راگەیەندراوە دەستورییەكە خاڵییە لە پێوەرەكانی فرەیی نیشتمانیی سوری و هەروەها بەشداریی چالاكانەی پێكهاتەكانی سوریا لەخۆناگرێت، بۆیە ئەو راگەیەندراوە جارێكی دیكە گوزارشت لە "عەقڵەیەتێكی تاكڕەوی" دەكات كە درێژكراوەی ئەو دۆخەی پێشوی سوریایە كە گەل لە دژی راپەڕی.
جەختیشی كردۆتەوە كە ئەم راگەیەندراوە نوێنەرایەتی خواستی گەلەكەمان ناكات و پەی بە حەقیقەتی ناسنانەی رەسەنی گەلی سوریا نابات، بەڵكو فۆرم و چوارچێوەیەكە كە هەوڵەكانی بەدیهێنانی دیموكراسیەتی راستەقینە لە سوریا لاواز دەكات و بڕگەكانیشی دورن لە ئاواتەكانی گەلی سوریا.
وتوشیەتی، دەستوری راستەقینەیە ئەوەیە كە هەمو پێكهاتەكان بەشدار بن تێیداو هاوڕابن لەسەری چونكە رێبازێكی دیموكراسیی بەردەوامە بۆ ئایندەی سوریاو ئایندەی نەوەكانی داهاتو.
ئەوەشی خستۆتەڕو، هیوادارین هەندێك كردەوەو بیركردنەوەی تەسك نەبن مایەی ئەوەی بمانگەڕێننەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم، چونكە ئەو كارە دەبێتە مایەی ئەوەی برینی سوریا سەرلەنوێ بكولێتەوەو خوێنی لەبەر بڕوات.