ئەردۆغان سەبارەت بەپرۆسەی ئاشتی لەتورکیا: باوەڕمان وایە ئەمجارە دەگەینە ئامانج
  2025-03-13       2383       

ئەردۆغان دەڵێت "ئێمە دەمانەوێت چیتر خوێن و فرمێسک لەم وڵاتەدا نەڕژێت، باوەڕمان وایە ئەمجارە دەگەینە ئامانج".

 

ئاوێنە: ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمان بەربانگی کردەوەو لەکاتی پێشوازیدا بەگەرمی تەوقەی لەگەڵ سری سورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتاری دەم پارتی‌و ئەندامی شاندی ئیمرالی کرد.

ئەردۆغان لەوتارێکدا سەبارەت بەپرۆسەی ئاشتی‌و بانگەوازەکەی ئۆجەلان، وتی "لە ماوەیەکی کورتدا پێشکەوتنی بەرچاومان بەدەستهێناوە، لەهەوڵەکانمان بۆ گەیشتن بەتورکیایەکی بێ تیرۆر، لە 27ی شوباتەوە، بەربەستی گەورە بەئاسانی لەبەردەم دەستپێشخەریی تورکیای بێ تیرۆردا تێپەڕێنراوە. من پێموایە ئەو ئەنجامە چاوەڕوانکراوە بەخێرایی بەدی دێت، بەبێ ئەوەی زۆر درێژبکرێتەوە، بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی ناکۆکی".

وتیشی "ئامانجمان ئەوەیە بە شێوەیەکی هەمیشەیی و یەکلاکەرەوە ڕزگارمان بێت لەبەڵایەک کە ماوەی ٤٠ ساڵە لەتورکیا هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس لەگەلەکەمان، ئێمە دەمانەوێت چیتر خوێن و فرمێسک لەم وڵاتەدا نەڕژێت. ئێمە دەمانەوێت وڵاتێکی بێ تیرۆر بۆ منداڵەکانمان بەجێبهێڵین، ئێمە دەڵێین، با تیرۆر کۆتایی بێت، با ئازارەکان کۆتایی پێبێت، با برایەتیمان بەهێزتر بێت، با چیتر خوێن و فرمێسک لەم وڵاتەدا نەڕژێت".

ئاموژەی بەوەش کرد "لەناخەوە باوەڕم وایە هەموو ئەو پەرلەمانتارانەی ئێمە کە لە ژێر سەقفی پەرلەمان خزمەت دەکەن هەمان هەستیاری نیشان دەدەن. لێرەوە دەمەوێت ئەم بانگەوازە ئاراستەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و پەرلەمانتاران بکەم: با دەست بخەینە دەستی یەکەوە، با هەموومان ئەو خەنجەرە دەربهێنین کە خراوەتە ناو برایەتی هەزار ساڵەی میللەتەکەمانەوە. با جارێکی تر دوژمنانی تورکیا بێ هیوا بکەین. با جارێکی تر پیلانی ئیمپریالیستی بخەینە گۆڕو زبڵدانی مێژووەوە”.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×