پوتین: رازین بە پێشنیاری ئاگربەست
  2025-03-13       226       

ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی روسیا رایگەیاند، وڵاتەكەی رازییە بە پێشنیاری ئەمریكا بۆ ئاگربەست لە ئۆكرانیا، بەڵام هەر جۆرە ئاگربەستێك دەبێت هۆكارە بنەڕەتییەكانی شەڕەكە بسڕێتەوەو ببێتە مایەی ئاشتییەكی بەردەوام و بەشێكی زۆر لە وردەكارییەكانیش پێویستیان بە چارەسەرە.

ئاوێنە: ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی روسیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە كۆشكی كرملین، رایگەیاند، رازیین بە پێشنیارەكانی راگرتنی پێكدادانەكان.

وتیشی"بەڵام دەبێت راگرتنی شەڕ ببێتە مایەی ئاشتییەكی بەردەوام و هۆكارە بنەڕەتییەكانی ئەم قەیرانەش چارەسەربكرێن."

دوێنێ چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە كۆشكی سپی رایگەیاند، هیوادارن روسیا رازی بێت بە پێشنیاری ئەمریكا بۆ ئاگربەست بۆ ماوەی 30 رۆژ بۆ راگرتنی شەڕ كە ئۆكرانیا پشتیوانی خۆی بۆ پێشنیارەكە راگەیاندوە.

پوتین لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، سوپاسی ترەمپی كرد لەپای هەوڵەكانی بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ.

وتیشی"بیرۆكەكە خۆی دروستە، بەدڵنیایی ئێمە پشتیوانی لێدەكەین. بەڵام چەند پرسێك هەن پێویستە گفتوگۆیان لەبارەوە بكەین. پێموایە پێویستە ئێمە قسە لەگەڵ هاوتا ئەمریكییەكانیشماندا بكەین."

سەرۆكی روسیا ئاماژەی بەوەشدا، رەنگە پەیوەندی بە ترەمپەوە بكات بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەم بابەتە و وتیشی"ئێمە پشتیوانی بیرۆكەی كۆتاییهێنان بەشەڕ دەكەین لەڕێگەی ئامڕازەكانی ئاشتییەوە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×