جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکە جەخت لەوە دەکات کە بانگەواز بۆ ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک" تەنها بۆ کورد نییە، بەڵکو بۆ هەموو گەلانەو پێویستە عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت، ئەو دەلێت "نابێت کەس دژی بانگەوازی ئاشتی سەرۆک ئاپۆ بوەستێتەوە".
ئاوینە: جەمیل بایک، لەبەرنامەیەکی کەناڵی ستێرک، رایگەیاند ئۆجالان لەسەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردوەوە لەگەڵ پرۆسەی ئاشتی بووەو ئۆجالان لەساڵانی ١٩٩٣، ١٩٩٥، ١٩٩٨، ٢٠٠٣، ٢٠٠٥، ٢٠٠٩، ٢٠١٣ و ٢٠١٥ هەنگاوی گرنگی ناوە لەو پێناوەدا، ئەو وتی "ڕێبەر ئاپۆ بۆ یەکەمجار لەساڵی ١٩٧٣ دەستپێشخەرییەکی گرنگی بۆ چارەنووسی گەلی کورد کرد، ئەمڕۆش خەریکی پەرەپێدانی دەستپێشخەرییەکی گرنگترە. کاتێک ڕێبەر ئاپۆ خەباتی دەستپێکرد، گەلی کورد لەلێواری مەرگدا بوو. لەکولتوورەکەی نامۆ بوو. گەلی کورد بەرەو لەناوچوون دەڕۆیشت. هەمووان پێیانوابوو کورد سەرهەڵناداتەوە. ڕێبەر ئاپۆ ئەمەی قبوڵ نەکردو کوردی ژیانەوە".
وتیشی "ئەوکات هەموو ڕێگاکان داخرابون، بۆ کورد جگە لەخەباتی چەکداری دژ بە داگیرکاری و ئاسمیلەکردن و نکۆڵیکردن هیچ ڕێگایەکی دیکەی دەربازبوون نەبوو. خەباتی چەکداری دەستیپێکرد، گەریلا ڕۆڵێکی مێژوویی گێڕا. لەئەنجامدا گەلی کورد ڕاپەڕی و ڕاپەڕین بوو بەنەورۆز. ئەو خەڵکەی لە لێواری مەرگدا بوون زیندوو بوونەوە. رێبەر ئاپۆ وتی ئێستا کاتی ئازادی کورد و کوردستانە. بۆ ئەم مەبەستەش ئەمڕۆ دەیەوێت خەبات لەخەباتی چەکدارییەوە بگوازێتەوە بۆ خەباتی سیاسی".
جەمیل بایک بە بیرهێنانەوەی ئەوەی کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ساڵی ١٩٩٣ ئاگربەستی ڕاگەیاند بۆ ئەوەی ڕێگا بۆ سیاسەتی دیموکراسی خۆش بکات، وتی "تورگوت ئۆزێل وەڵامی ئەم ئاگربەستەی دایەوە. ئێمە بەرەو پرۆسەیەکی سیاسی و دیموکراسی دەڕۆیشتین. بەڵام ئەم پرۆسەیە تێکدراو لەئەنجامدا تورگۆت ئۆزال لەناوبرا، ئەو وتی "کاتێک نەجمەدین ئەرباکان هاتە سەر دەسەڵات، نامەیەکی بۆ ڕێبەر ئاپۆ نارد. ڕێبەر ئاپۆ وەڵامی ئەو نامانەی دایەوە. نەجمەدین ئەرباکان دەیویست پرسی کورد چارەسەر بکرێت. ڕەنگە تورگۆت ئۆزال و نەجمەدین ئەرباکان نەیانویستبێت چارەسەرێکی وەک ئێمە پەرەپێبدەن، بەڵام دەیانزانی ئەگەر ئەم کێشەیە چارەسەر نەکرێت تورکیا تووشی کێشەی گەورەتر دەبێتەوە. ئەوان دەیانویست بەجۆرێک ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن. هەروەک چۆن تورگوت ئۆزال لەناوبرا، نەجمەدین ئەرباکانیش دوورخرایەوە".
وتیشی "دوای ئەوەی بەپیلانگێڕیی ڕێبەر ئاپۆیان بەدیل گرت، بەڵام دەستبەرداری ئامانجەکانی نەبوو. ئەو کارەی لەساڵی ١٩٩٣ دەستیپێکرد، لەسایەی بارودۆخی سەخت و هەلومەرجی مەحاڵدا، لەئیمرالی تەواویکرد".
جەمیل بایک بەوەبیرهێنانەوەی سەردانەکەی باخچەلی سەرۆکی مەهەپە بۆ لای دەم پارتی لەپەرلەمان لە ١ی تشرینی یەکەم، وتی “ئامانجیان لە ناوبردنی کورد بوو بەنەهێشتنی پەکەکە، ئەوان پێیان وابوو ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ تەسفیە بکرێت دەتوانن ئەنجام بەدەستبهێنن. بەڵام پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو کێشانەی تورکیا تووشی بوو، ناچاری کردن بچنە لای ڕێبەر ئاپۆ. ئەوان دەیانویست ڕێبەر ئاپۆ لەناوببەن، بەڵام پێویستیان بەڕێبەر ئاپۆو کورد بوو. گۆڕانکارییەکان لەو پارادایمەدا دەستیپێکردووە کە ئینکاری کورد دەکات. ڕێبەر ئاپۆیان قبوڵ کرد. مەبەستیان چییە؟ بۆ ئێمە زۆر گرنگ نییە، بەڵام پێویستە ئەو هەنگاوانەی لەسەر ئەم بنەمایە گیراونەتەبەر مانای هەبێت".
وتیشی "ڕێبەر ئاپۆ وتی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک. وتی سەردەمی حزبەکان کۆتایی هاتووە، سەردەمی خەڵک دەستی پێکردووە. هەر لەسەرەتاوە، کاتێک دەرفەت نەبوو، کاتێک سیاسەتی جینۆسایدی تورکیا بەردەوام بوو، کاتێک کورد ڕووبەڕووی مەرگ بووەوە، ڕێبەر ئاپۆ هەنگاوی مێژوویی ئەنجامدا. هەمیشە بەئیرادە هەنگاوی دەگرت. ڕێبەر ئاپۆ باوەڕی بە خۆی و ئیرادەی خۆی و گەلەکەی هەیە. زۆر باش خۆی پەروەردە کردووە. لەگەڵ ئەمانە هەنگاو دەنێت. بەم هەنگاوە تورکیاش ناچار دەکات هەنگاوێک بنێت. هەنگاوێکی بە ئامانجی هێنانە پێشەوەی سیاسەتی دیموکراسی و خەڵک ئیرادەی خۆی بخاتە دەستی خۆی. ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت پرسی کورد لە زەمینەی توندوتیژی دوور بخاتەوە. ئەوەی دەبوو بە شەڕ بکرێت، لەمەودوا دەبێت بەبێ توندوتیژی بەردەوام بێت. گەل گەیشتووەتە ئەم ئاستە. لە کوردستان و تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر کەس و کەسایەتی هەن کە سوود لەم شەڕە وەردەگرن. لەسەر ئەم شەڕە خەریکە دەوڵەمەند دەبن. هەر بۆیە دەیانەوێت شەڕ بەردەوام بێت. ئەوان چارەسەری دیموکراسییان ناوێت. ئەگەر پرسی کورد چارەسەر بکرێت، ‘نان’یان دەبڕێت. هەر بۆیە هەمیشە هەوڵی تێکدانی دەدەن. ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت ‘نان’یان ببڕێت. ئەمە یەکێکە لەئامانجەکانی ئەو هەنگاوەی کە ڕێبەر ئاپۆ دەستیپێکردووە".
جەمیل بایک، سەرنجی بۆ کاریگەرییەکانی ئەو هەنگاوە مێژووییە لەسوریا هاتوەتە ئاراوە، ئەو وتی "ڕێککەوتنێک لە نێوان باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا و دیمەشق ئەنجامدرا. ئەمە سەرەتایەکە و سەرەتایەکی ئەرێنییە. ئەمەش لە ڕێگەی خەباتی خەڵکی ئەم ناوچەیەی سوریاوە ڕوویدا. گەل بەقارەمانانە بەرخۆدانی کرد و ئێمەش گەیشتوینەتە ئەمڕۆ. هەنگاوەکەی ڕێبەر ئاپۆ ئەو هەنگاوەیە کە عەلەویەکان بەزیندووی دەهێڵێتەوە. ئەم هەنگاوەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ هەموو گەلان و بیروباوەڕ و کولتوورەکانە. ئەم هەنگاوە بۆ ئاشتی و دادپەروەری و ئازادییە. ئەمە تەنها بۆ کورد نییە، بەم هەنگاوە هەمووان سەردەکەون. نابێت کەس دژی ئەم هەنگاوە بوەستێتەوە”.
وتیشی "پێویستە ئۆپۆزسیۆنی تورکیاو بەتایبەتی جەهەپەو هێزە سۆسیالیستی و شۆڕشگێڕەکان پشتیوانی ئەم هەنگاوە بکەن. ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازێکی کردو وتی پێویستە پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. پەکەکە وەڵامی بانگەوازەکەی دایەوەو وتی، ئێمە ئامادەین، پێویستە ئاگربەست هەبێت بۆ ئەوەی ئەمە ڕووبدات. ڕۆژانە هێرش و گەشتی سیخوڕی ڕوودەدات. هەمووان دەزانن بانگهێشتکردنی کۆنگرە بەم مەرجانە مەترسیدارە. پێویستە مەرجەکانی کۆنگرە بۆ بڕەخسێنرێت. هەندێک گروپ لەتورکیا هەوڵی ئاژاوەگێڕی دەدەن. ئەگەر دەیانەوێت پرسی کورد چارەسەر بکەن و تورکیا لە مەترسی ڕزگار بکەن، دەبێت دەستبەرداری ئەم هەوڵە بن".
جەمیل بایک، جەختی لەوە کردەوە کە بەپرۆسەیەکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕن، ئەو وتی "گەلەکەمان پێویستی بەخەباتی زیاتر، لەپێناو دەستەبەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ. پێویستە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکەین. پێویستە سیستەمی ئیمرالی لەناو بچێت. ئەمەیە کە لەئێمە داوا دەکرێت. پێویستە لەهەموو شوێنێک خەبات بۆ ئەمە بکەین. هەمووان ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیان بوێت. ئەگەر خەباتێک لەسەر بنەمای ئەو پرەنسیپانە هەبێت، ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەبێت و سیستەمی ئیمرالی دەڕووخێت. هەموومان پێویستە لەسەر ئەم بنەمایە کۆببینەوە. دەبێت بارگرانی ڕێبەر ئاپۆ بخەینە سەر شان. ئەگەر ئەم بارگرانییە بخەینە سەر شان، ڕێبەر ئاپۆ ئەم هەنگاوە زیاتر هەڵدەگرێت".