ئەنەكەسە دەستوری كاتيی سوریا رەتدەكاتەوە
  2025-03-14       165       

ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا (ئەنەكەسە) دەستوری کاتيی سوریا رەتدەكاتەوەو رایدەگەیەنێت كە دەستورەكە بە عەقڵیەتی "یەک نەتەوە، یەک ئایین" داڕێژراوە.

ئاوێنە: شەلال کدۆ، سەرۆکی پارتی ناوەندی کوردی سوریا و ئەندامی ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد، ئەمڕۆ هەینی، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند، دەستوری کاتیی جێی سەرسوڕمان نەبو، بەڵام گەلی سوریا هیوای ئەوەى بو بەڵگەنامەیەکی دادپەروەرتر بێت، پێکهاتەکانی سوریاش لێی رازی نین.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم دەستورە بۆ گوزارشتكردن لە یەک نەتەوە نوسراوە لە سوریا، ئەگەر بخرێتە ریفراندۆمەوە، پشتیوانیەکی بەرفراوانی جەماوەری بەدەست ناهێنێت.

وتیشی، بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەردەوام دەبێت، ئەوەش ماوەیەکی کورت نییە بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتێک، كە وادەكات پێویستی بە رێوشوێنی چاکسازی و دەستەبەرکردنی مافی سەرجەم نەتەوەکان و پێکهاتەکان هەبێت.

هێمای بۆ ئەوەش كرد، دەستوری سوریای ساڵی 1920 لە روی دانپێدانانی فرەییەوە پێشکەوتوترە. هەروەها رەخنەی لە سەپاندنی زمانی عەرەبی گرت بەسەر هەمو نەتەوەکانی دیکەدا، بەتایبەتی کورد، هەروەها سەپاندنی ئیسلام بەسەر هەمو ئایینەکانی دیکەدا، کە بە وتەی ئەو، مەسیحییەکانی کردە هاوڵاتی پلە دو.

ئەو هۆشداریشیدا لەوەی ئەو داڕشتنە، هەنگاوێکی مەترسیدارە لە وڵاتێکدا کە چەندین نەتەوە و پێکهاتەی هەیە، جەختیشی لەوە کردەوە، سوریا ناتوانرێت بەم دەستورە کاتییە بەڕێوەببرێت، چونکە دەرگا بە روی چەندین کێشە و گرژیی داهاتودا دەکاتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×