نوسینگەی رۆژنامەوانی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكی بەرەی گەل رایگەیاند، بەشێكی قسەكانی ناوبراو لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی دیجلە، كە لەبارەی چەند كەسایەتییەك بون لەناو ئیدارەی دەوڵەت، لابراون، بۆیە رێكاری یاسایی لەدژی كەناڵەكە دەگرنەبەر.
ئاوێنە: نوسینگەی رۆژنامەوانی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكی بەرەی گەل، ئەمڕۆ هەینی، لە رونكردنەوەیەكدا وتی، پاش ئەنجامدانی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی لە کەناڵی (دیجلە)، ئەو کەناڵە بێ ئەوەی پرسمان پێبکەن و ئاگادارمان بکەنەوە، بەشێکی قسەکانی لاهور شێخ جەنگی یان لەبەرنامەکەدا لابردون کە وەڵامی پرسیاری کەناڵەکە بوە لەسەر پرسێکی هەستیار کە باسی چەند کەسایەتیەکی کردوە لەناو ئیدارەی دەوڵەت، بەڵام هەرخۆیان وەڵامی پرسیارەکەیان لا بردوە و جورئەتیان نەکردوە پەخشی بکەن.
ئاماژەی بەوەشداوە، " لەکاتێکدا ئێمە پێشتر لەگەڵ کەناڵی دیجلە لەسەر ئەوە رێککەوتبوین کە دەبێت چاوپێکەوتنەکە وەک خۆی بڵاوبکرێتەوە بەڵام ئەوان دور لەهەمو بەهایەکی پیشەیی و ئەخلاقی کاری میدیایی، پابەند نەبون بە رێککەوتنەکەو یەک لایەنە ئەو بەشەی چاوپێککەوتنەکەیان لابردوە، بۆیە بە پێویستی دەزانین رێکاریی یاساییان لە دژ بگرینەبەر."