بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئاکرێ ڕایگەیاند، تەرمی ژنێک لە زێی گەورەدا دۆزرایەوە، كە تەلى ئاسن لە قاچ و ملى ژنەکە گرێدراوە و پێى خنکێنراوە و دواتر خراوەتە زێى گەورەوە، دەشڵێن، لەسەر ڕووداوەکە لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئاکرێ لە سونوری دهۆك، سەبارەت بە دۆزینەوەی تەرمی ژنێک لە زێی گەورە لە سنوورەكەیان بەم شێوەیە زانیاری بڵاوکردەوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئاکرێ بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ کاتژمێر ١١ـی پێش نیوەڕۆ، بنکەى پۆلیسى کەڵەک ئاگادارکرایەوە لەوەى، کە لە زێى گەورە لە سنوورى گوندى زەنگل، تەرمى ژنێک دەرکەوتووە و دواتر تیمەکانمان ڕۆشتنە شوێنەکە و تەرمی ژنەکەیان دەرهێنا.
دەشڵێن، ژنەکە تەلى ئاسن لە قاچ و ملى گرێدراوە و پێى خنکێنراوە و دواتر خراوەتە زێى گەورە.
باس لەوەشكراوە، بەهۆى ئەوەى ماوەیەکى زۆر بەسەر خنکانیدا تێپەڕیوە، تەرمی ژنەکە کۆن بووە و ناناسرێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا تەرمی ژنەکە ڕەوانەى پزیشکى دادى هەولێر کراوە بۆ دیاریکردنى ناسنامە و شێوازى کوشتنەکەى، هاوکات بە بڕیارى دادوەر و بەپێى مادەى ٤٠٦ لە یاساى سزادان، دۆسییە بۆ ڕووداوەكە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە دەستى پێکردووە.