قەسەدە چوار فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی خۆكوژی دەوڵەتی توركیان خستەخوارەوە
  2025-03-12       213       

قەسەدە ڕایگەیاند، هێرشی دڕندانەی توركیا و چەتەكانی بەردەوامە و هێزەكانمانیش وەڵام دەدەنەوە، هێزەكانمان توانیویانە لە بەنداوی تشرین و میحوەری قەرەقۆزاق زیانیان بە زرێپۆشێك گەیاند و چوار فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی خۆكوژی خستە خوارەوە، هەروەها چوار سەربازی داگیركەری بریندار كرد.

ئاوێنە: هێزەكانی سووریای دیموكرات  (قەسەدە) سەبارەت بەئاماری شەڕ و پێكدادانەكانی دوێنێیان لەگەڵ هێزەكانی دەوڵەتی   توركیا و چەتەكانی لە سنووری بەنداوی تشرین و میحوەری قەرەقۆزاق، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، بۆ سێهەم مانگ لەسەریەك دەوڵەتی داگیركەری تورك و چەتەكانی بەردەوامن لە هێرشە شەڕانگێزیەكانیان بۆ سەر ناوچەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە بەكارهێنانی هەموو جۆرە چەكێك لەوانە فڕۆكەی سەربازی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و چەكی قورس.


دوێنێ لە بەرەی بەنداوی تشرین؛ دەوڵەتی داگیركەری تورك و چەتەكانی بە تۆپی قورس لادێكانی دەوروبەری بەنداوەكەیان بۆردومان كرد، هاوكات فڕۆكە سەربازییەكان چەندین هێرشیان كردە سەر گوندی “خربەت زەمالا” لە لادێكانی باكووری بەنداوەكە و لە ئەنجامدا زیانی ماددی لێكەوتەوە.

هەروەها لە هەوڵێكی چەتەكان بۆ ئەنجامدانی هێرشی خۆكوژی بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ سەر خاڵەكانی هێزەكەمان، شەڕڤانانمان توانیان چوار فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی خۆكوژی بخەنە خوارەوە.

هەر دوێنێ لە میحوەری قەرەقۆزاق، فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی داگیركەر تورك چەندین هێرشیان كردە سەر گوندی “غەساق” لە دەوروبەری پردی قەرەقۆزاق، دواتریش دەوڵەتی داگیركەر تورك و چەتەكانی، بە تۆپ و تانك و مووشەك هاوێژەكانی و گوللە هاوەن گوندەكانی “تینە، جەدە، بیر حەسو، دێكان، مەلحە”یشیان بۆردومان كرد، هەروەها گردی سەیفی و قەرا قۆزاقیانیش بوردوومان كرد، هێرشەكە هەڕەمەكی بوو و بە زیاتر لە ٨٠ گوللە هاوەن ئەنجامدرا، زیانی ماددی بە ماڵ و موڵكی هاوڵاتیان كەوت.

لە بەرامبەر هێرش و بۆردومانەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك و چەتەكانی؛ شەڕڤانانمان ئۆپەراسیۆنێكیان ئەنجامدا كە تیایدا بنكەكانی داگیركەری توركیایان لە دەوروبەری پردەكە كردە ئامانج، توانیان زیان بە زرێپۆشێكی BRDEM بگەیەنن و زرێپۆشێكی سەربازی كە سەربازەكانی دەگواستەوە.

هەروەها شەڕڤانانمان لەسەر میحوەری ڕۆژئاوای پری قەرەقۆزاق ئۆپەراسیۆنی دووەمیان ئەنجامدا، تیایدا بنكەیەكی تری داگیركەری توركیایان كردە ئامانج، لە ئەنجامدا چوار سەربازی داگیركەر برینداربوون و دوو سیستەمی ڕادار لەناو بنكەكەدا تێكشكێندران.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×