سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست ڕایگەیاند، لەبارەی کردنی کارەبا بە ٢٤ كاتژمێری بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، داوادەکەین حکومەتی هەرێم بارودۆخی هاووڵاتیان لە پێش چاوبگرێت و بارگرانی زیاتریان بۆ دروست نەکات و پرسی کارەبا بە سیاسی نەکرێت.
ئاوێنە: ئەمڕۆ لە بارەگای ڕەوتی هەڵوێست لە شاری سلێمانی لەسەر پرسی کارەبا و چەند پرسێکی دیكە عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا.
عەلی حەمە ساڵح لە کۆنگرەکەدا ڕایگەیاند، بڕیارە هەفتەی داهاتوو بڕیار لەسەر نرخی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بدرێت، ئەم پرسەش خەریکە بە سیاسی ئەکرێت، بەڵام ئەوە پەیوەندی بە داهاتی تاکەوە هەیە ١٠٠ یان ١٥٦ دینار لە توانای خەڵکدا نییە، ئەکرێت کیلۆوات بکرێتە ئەمپێر بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بەردەوام پێنج ئەمپێری بەردەوامیان هەبێت نەک پارەکە زیاد بکرێت.
وتیشی، ناكرێت حكومەت خۆی بە مۆلیدە ئەهلیەکان بەراورد بکات دانانی ئەم سیستەمەش وابڕیارە تا کۆتای ئەم ساڵ لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم تەواو بکرێت ساڵی داهاتووش لە شارۆچكە و شارەدێكانیش ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەو شوێنانە توانای ئەوەیان هەیە مانگانە ١٥٠ هەزار بدەن بە کارەبا؟.
باسی لەوەشكرد، حکومەت پلانی هەیە کە هاووڵاتیان غاز بەکاربێن بۆ بۆیلەر و سپلیتەکانیان، لە کاتێکدا کێشەی کەمی غازمان هەیە، داوای ئەوە دەکەین، کە بارودۆخی هاووڵاتیان لە پێش چاوبگیرێت و بارگرانی زیاتریان بۆ دروست نەکرێت.
لەسەر پرسی موچەش عەلی حەمە ساڵح وتی: بە بێ گفتوگۆ و ڕێکەوتن سوودانی بڕیاریداوە مووچەی مانگی دوو بنێرێت.
سەبارەت بە پرسی نەوت عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بەوەکرد، کێشەی نەوت کێشەیەکی زۆر گەورەیە پێویستە چارەسەر بکرێت، بەهۆی پەلەکردن لە ئەنجامدانی چەند گرێبەستێک کە پەلەیان بوو چۆن چەند ملیار دیناری شیرینی وەربگرن و نەوتی هاووڵاتیانیان لای چەند کۆمپانیایەک بە بارمتە دانا.
هەروەها سەبارەت بە بازگەکانی نێوان یەنەکە و پەدەکە عەلی حەمەساڵح باسی لەوەکرد، بازگەکانی نێوانیان لە بازگەی دوو وڵات خراپترە بەهۆی وەرگرتنی سەرانەیەکی زۆر لە شۆفێران و بارهەڵگران بەناوی پشکنین و مەلەفەوە لە نێوان یەنەکە و پەدەکە وەرئەگیرێت.
سەبارەت بە ڕێکەوتنەکەی ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست وتی: باشترین بژاردەیە بۆ کورد لە ڕۆژئاوا بەهۆی شوێنی جوگرافییانەوە بۆ داهاتویان ڕاستە لە ئێستادا هێزی ئەمریکا لە وێیە، بەڵام ئەگەر ئەو هێزە لەوێ بکشێتەوە کورد چی بەسەر دێت، کوردانی ڕۆژئاوا خاوەنی هێزێکی مونەزەمن و سووپایان هەیە و ئەتوان ببن بە بەشێک لە سووپای سووریا.