مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، رایگەیاند، كاتی خۆی "هەڵەیەكی گەورە كرا" كە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ناونران "ناوچەی ناوكۆكی لەسەر"، ئەوانە ناوچەی "داگیركراو" و "دابڕێندراون." دەشڵێت، ئێمە دەمانەوێ بە ئاشتییانە بتوانین هەمو بستێكی خاكی وڵاتەكەمان بگەڕێنینەوە.
ئاوێنە: ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەمیانی بەشداریكردنی لە خوانێكی بەربانگ لەگەڵ ژمارەیەک لە پێشمەرگە و جوتیارانی ناوچەکە لە سنوری میحوەری پێنجی ڕۆژئاوای کەرکوک، وتارێكی پێشكەش كرد.
سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەبارەی روداوەكانی ئەم دواییەی رێگری لە جوتیارانی كورد بۆ كێڵانی زەوییەكانیان لەلایەن سوپای عێراقەوە وتی"لە دوای نوسینەوەی دەستور لە 2005، دەبوایە ئەم كێشانە چارەسەر بكرێن."
وتیشی"من پێموایە لەو سەردەمەش هەڵەیەكی گەورە كرا كە ناو لەو شوێنانە نرا ناوچەی ناكۆكی لەسەر، ئەوانە ناوچەی ناكۆكی لەسەر نین، ناوچەی داگیركراون، ناوچەی دابڕێندراون، ئەوانە هەمویان ناوچەی كوردستانین كە بەزۆر لە خەڵكی ئێمە سەندراونەتەوە و رۆژێكیش هەر دەبێ بێت كە خەڵكی ئێمە بگەڕێتەوە ناوچەكانی خۆیان بەڵام بە سەربەرزی."
ئاماژەی بەوەشدا "ئێمە دەمانەوێ بە ئاشتییانە بتوانین هەمو بستێكی خاكی وڵاتەكەمان بگەڕێنینەوە، نامانەوێ و ماندو بوین لە توندوتیژی و شەڕكردن، بەڵام یەكهەڵوێستی و ئیرادەی بەهێزی خەڵكەكەمان دەتوانێ وابكات كە ئێمە بتوانین نەك تەنیا ماددەی 140 جێبەجێ بكەین، بەڵكو هەمو بەندەكانی تری دەستوریش وەكو هاتوە بەو شێوەیە جێبەجێ بكرێن."
وتیشی"گرنگە ئێمە یەكهەڵوێست بین، یەكڕیزیی خەڵكی كوردستان گرنگە و لەوەش گرنگتر ئەوەیە كە بەرژەوەندیی باڵای خەڵك و وڵاتەكەت بخەیتە سەروی بەرژەوەندیی حزبی و شەخسی. ئەگەر ئێمە هەمومان لە پێناو كوردستاندا ئامادە بین خۆمان بەخت بكەین و لە پێناو خاكی كوردستاندا یەكگرتو بین، هیچ هێزێك پێمان ناوێرێ."