مەزڵوم عەبدی: گروپە چەكدارەكانی سەربە توركیا لەپشت ئەنجامدانی كۆمەڵكوژییەكانی سوریاوەن
  2025-03-09       354       

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە رایگەیاند، دەبێت ئەحمەد شەرع، سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریا لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی توندوتیژیی تائیفی لە ناوچە كەناراوییەكانی سوریا بكات. دەشڵێت، گروپە چەكدارەكانی سەربە توركیا بەپلەی یەكەم لەپشت ئەنجامدانی تاوانەكانی كوشتنەوەن لەو ناوچانە.

ئاوێنە: مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە، ئەمڕۆ یەكشەممە بە ئاژانسی رۆیتەرزی وتوە، دەبێت ئەحمەد شەرع دەستوەردان بكات بۆ راگرتنی "كۆمەڵكوژییەكان."

وتیشی، ئەو گروپە چەكدارانەی لەلایەن توركیاوە پشتیوانی دەكرێن لەگەڵ گروپە توندڕەوە ئیسلامییەكان بەشێوەیەكی سەرەكی بەرپرسن لە ئەنجامدانی تاوانی كۆمەڵكوژییەكان لەدژی عەلەوییەكان.

مەزڵوم عەبدی داواشی لە ئەحمەد شەرع كردوە، چاو بەشێوازی پێكهێنانی سوپای نوێی سوریاو رەفتاری گروپە چەكدارەكاندا بخشێنێتەوە. وتوشیەتی، بەشێك لە گروپە چەكدارەكان رۆڵی خۆیان لە سوپادا دەقۆزنەوە بۆ دروستكردنی شەڕی تائیفی و تەسفیە حساباتی ناوخۆیی.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشكرایكرد، لە پێنجشەممەی رابردوەوە ئاماری سەرەتایی كوژراوانی ئاڵۆزی و شەڕی ناوچە كەناراوییەكانی سوریا گەیشتۆتە یەك هەزارو 18 كەس كە زیاتر لە 745 كەسیان هاوڵاتی مەدەنی بون و نە دەستیان لە شەڕەکاندا هەبوە و نە پەیوەندییان بە ڕژێمی پێشوەوە هەبوە.

بەپێی قسەی روانگەی سوری زۆربەی ئەو هاوڵاتییە مەدەنییانە بەشێوەی راستەوخۆ گولـلەباران كراون و كۆمەڵكوژكراون.

بەڕێوەبەری روانگەی سوری ئاماژەی بەوەشداوە، "دەیان هەزار ماڵ تاڵانکراون و سوتێنراون،  کۆمەڵکوژییەکانیانیش لەلایەن خەڵكی ناوچەكانی دیكە یان نەتەوە بیانییەکانی وەک ئۆزبەکی و چیچانی و خەڵكی ئاسیای ناوەڕاستەوە ئەنجامدراون."

ئەوەشی خستۆتەڕو، 125 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان و 150 چەکداری عەلەوی کوژراون، ڕەنگە ژمارەی قوربانیەكان زۆر لەو ژمارەیە زیاتر بێت، بەڵام بەهۆی هەوڵی شاردنەوە و ناشتنی تەرمەکانەوە زانیاری ورد لەبەردەست نەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×