موحسینی رەفیق دۆست، یەکەم وەزیری سوپای پاسداران دەڵێت "من فەرماندەی تیرۆر کردنی چەندین نەیاری کۆماری ئیسلامی ئێران بووم، وەک شاپوری بەختیار، ژەنرال وەیسی، فەرەیدونی فروغزاد، کوڕەکەی ئەشرەفی پەهلەوی".
ئاوینە: رەفیق دۆست، کە شۆفێری ئەو ئوتومبێلە بوو دوای گەڕانەوەی ئایەتوڵا خومەینی لەفەرەنساوە بۆ تاران، لەفڕۆکەخانەوە گەیاندییە بەهەشتی زەهراو دواتر بووە یەکێک لەدامەزرێنەرانو یەکەم وەزیری سوپای پاسداران، لەچاوپێکەوتنێکدا دانی بەوەدا نا بەشداری لەچەندین تیرۆرکردندا کردووە لەناوخۆی ئێرانو سەرپەرشتیو فەرماندەیی چەندین تیرۆرکردنی دیکەشی کردووە لەوڵاتانی ئەوروپا، ئەو دەڵێت "بەشێک لەئەنجامدەرانی تیرۆرکردنی نەیارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەندامانی جوداخوازانی باسک بوون لەئیسپانیا کە لەبەرامبەر پارەدا ئەو کارانەیان کردووە".
دەشڵێت "ئێمە چووینە ناوچەی باسک لەئیسپانیا، ئەوانە کەسانێکی کردەو جەنگاوەرن، گوتمان دەمانەوێت کەسێکی وا تیرۆر بکەین. گوتیان: ئەوەندە پارەمان دەوێت! لەئەڵمانیا پیاوێکی ئایینی میسری هەبوو هاوڕێیان بوو، پارەکەمان لای ئەو داناو وتمان ئەگەر کارەکەیان کرد، پارەکەیان بدەرێ".
سەبارەت بەتیرۆرکردنی شکستخواردووی شاپور بەختیار لەساڵی ١٩٨٠دا، رەفیق دۆست دەڵێت "خۆم فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی تیرۆرکردنی دوایین سەرۆک وەزیرانی محەمەد ڕەزا شای پەهلەویم کردووەو ئەنیس نەقاش، ئەنجامدەری کوشتنەکە فەرمانی لەمن وەرگرتووە".
رەفیق دۆست ڕوونیشیکردەوە کە بۆ ئازادکردنی ئەنیس نەقاش گەشتی بۆ فەرەنسا کردووەو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی فەرەنسا کۆبووەتەوەو پێیوتووە کە نەقاش ئازاد دەکرێت، وتویەتی دوو هەفتەی تر، رەفیق دۆست هەڕەشەی لێکردووە کە ئەگەر ئەنیس نەقاش لەماوەی دوو هەفتەدا ئازاد نەکرێت، باڵیۆزخانەی فەرەنسا "دەتەقێتەوە" یان فڕۆکەیەکی هێڵی فڕۆکەوانی فەرەنسا "دەڕفێندرێت"، لەبەرئەوە نابێ "گللەیی" بکەن.
ئەنیس نەقاش لەدادگای فەرەنسا بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی شاپور بەختیار سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام دوای دە ساڵ گۆڕدرایەوە بەبارمتە فەرەنسییەکان لەلوبنان.
شەهریاری شەفیق کوڕی ئەشرەفی پەهلەوی لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٧٩ لەپاریس، ژەنرال غولامعەلی وەیسی ساڵی ١٩٨٣و فەریدون فەرۆخزاد لەمانگی ئابی ساڵی ١٩٩٢دا، تیرۆر کران.