ڕوانگەی سوری: 745 هاوڵاتی مەدەنی كوژراون و هەزاران ماڵ تاڵانكراون و سوتێنراون
  2025-03-09       177       

بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، لە پێنجشەممەی ڕابردوەوە زیاتر لە 745 كەسیان هاوڵاتی مەدەنی لە كەنار ئاوەكانی سوریا كوژراون كە دەستیان لە شەڕەکەدا نەبوە، دەشڵێت، "دەیان هەزار ماڵ تاڵانکراون و سوتێنراون،  کۆمەڵکوژییەکانیانیش لەلایەن خەڵكی ناوچەكانی دیكە یان نەتەوە بیانییەکانی وەک ئۆزبەکستان و چیچان و ئاسیای ناوەڕاستن ئەنجامدراون".

ئاوێنە: ڕامی عەبدولڕەحمان، ئەمڕۆ یەكشەممە كەناڵی بە سکای نیوز عەرەبی ڕایگەیاند، ئاماری سەرەتایی کوژراوانی کەناراوەکانی سوریا لە پێنجشەممەی ڕابردوەوە گەیشتوەتە هەزار و 18 کەس كە زیاتر لە 745 كەسیان هاوڵاتی مەدەنی بونە و دەستیان لە شەڕەکەدا نەبوە و نە پەیوەندییان بە ڕژێمی پێشوەوە هەبوە. 

ئاماژەی بەوەشكرد، 125 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان و 150 چەکداری عەلەوی کوژراون، ڕەنگە ژمارەی قوربانیەكان زۆر لەو ژمارەیە زیاتر بێت، بەڵام بەهۆی هەوڵی شاردنەوە و ناشتنی تەرمەکانەوە زانیاری ورد لەبەردەست نەبێت.

بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوریا باسی لەوەشكرد، ئەو ناوچانە  شاهیدی کوشتن و تاڵان و سوتاندنی بەرفراوان بونەتەوە و لە چەند گوندێک لە لادێی جەبلح و بانیاس ڕاستەوخۆ هێرشكراوتە سەر ماڵەکان و پێش سوتاندنیان، دزی بەرفراوان ڕویداوە.

دەشڵێت، "میدیاکان تیشکیان نەخستە سەر ئاستی ڕاستەقینەی وێرانکارییەکان، كە دەیان هەزار ماڵ تاڵانکراون و سوتێنراون، هەروەها ئەو چەکدارانەی کۆمەڵکوژییەکانیان ئەنجامداوە دانیشتوی کەناراوەکانی سوریا نەبون، بەڵکو لە پارێزگاکانی دیکەوە هاتون  یاخود لە نەتەوە بیانییەکانی وەک ئۆزبەکستان و چیچان و ئاسیای ناوەڕاستن".

بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوری ڕونیكردەوە، حکومەت لە دیمەشق هەڵەیەکی گەورەی کرد کاتێک لە ڕێگەی مزگەوتەکانەوە داوای "کۆکردنەوەی گشتی" و "جیهاد"ی کرد، ئەوەش بوە هۆی هاتنی لێشاوی چەکدارانی دەرەوەی ناوچەكە بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی عەلەوییەکان.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×