پەیامی ئۆجەلان بۆ ٨ی مارس
  2025-03-08       761       

"پرەنسیپی سەرەکیی من، ژیانێکی ئەفسووناوییە لەگەڵ ئێوەدا!

من دەزانم لەسەر خاکی خۆبوون، ئێوە بە هەموو جۆرێک ڕاستی مرۆڤایەتی دەژین. ئێوەی ژنان خاوەن بەهای ئەفسووناوین و من هەرگیز دەستبەردارنەبووم لە ژیانکردن لەگەڵ ئێوەدا. ژیانێکی لەم جۆرە بووە ئەو بنەمایەی من بەپێوە ڕادەگرێت. بەڵام ئەو ڕاستییەی بۆ یەکەمجارە ئەوەندە شکۆمەند و ئازادە، هێندەی پێشینەکانی تری میزۆپۆتامیا شکۆمەندە.

پرسی ئازادی ژنان هێشتا گرنگی خۆی پاراستووە. قۆناغی کۆمۆناڵیستی دیموکراتیک ڕەوشی هاوچەرخی بەکۆمەڵگەبوونی ژنی پێشەنگە. وە بەدەستهێنانی ڕاستی کۆمەڵایەتی تەنها بەم ڕێگەیە ڕێی تێ دەچێت. تاوەکو کەلتووری گێچەڵ/دەستدرێژیی ڕەگەزی لەناونەچێت، لە گۆڕەپانەکانی زانست و ئێستاتیکا و ئاییندا، هەقیقەتی کۆمەڵایەتیش دەرناکەوێت. وەک ئەوەی لە مارکسیزمدا سەلماوە، تاوەکو کەلتووری پیاوسالاری لە قووڵایی کۆمەڵگەی مۆدێرندا بنەبڕ نەکرێت، سەرکەوتنی سۆسیالیزم نامومکینە. ڕێگەی سۆسیالیزم بە ئازادیی ژندا تێدەپەڕێت. تاوەکو ئازادی ژن نەیەتەدی، ناتوانن ببنە سۆسیالیست و سۆسیالیزم بەدی نایەت. تا دیموکراسی نەبێت، سۆسیالیزمیش نابێت. یەکەم ئەزموونی من لەگەڵ سۆسیالیزم، بە شێوازی گفتوگۆ لەگەڵ ژنێکدا دەرکەوت. ئەو کەسەی نەزانێت چۆنچۆنی لەگەڵ ژنێکدا بدوێت، ناتوانێت ببێتە سۆسیالیست. سۆسیالیستبوونی پیاوێک بە پەیوەندیی وی لەگەڵ ژنێکدا، گرێدراوە.

پیرۆزی هی ژنانە. ژن خۆی گەردوونە. پیاو هەسارەیەکی سەرگەردانە لە خولگەی ئەم گەردوونەدا. ژن زمانی بۆ یەکەمجار زمانی ئافراند تا بانگی منداڵەکەی بکات. ژن کەلتووری داهێنا. ژن کۆمەڵگەی داهێنا. پیرۆزی و خوداوەندی هی ژنە. من ئایدۆلۆژیای ڕزگاریی ژنانم پێشخست کە لە چوار بوار پێکدێت. ئەمە تیۆرێکە. کەلتووری ژنی پێشەنگ، سەردەمی خوداوەندەکان دەگەڕێتەوە بۆ ١٠ هەزار ساڵ و ٤ هەزار ساڵ پێش زایین. ئایینە یەکتاپەرستەکان بە بابل دەستیان پێ کرد. داستانی بابل، داستانی کۆیلەکردنی ژنە. داهێنانی داستانی بابل پێکهێنەرێکی سەرەکیی میتۆلۆژیای میزۆپۆتامیایە. لەنێوان ساڵانی ٤ هەزار و ٢ هەزار ساڵ پێش زایین، شکستی کەلتووری ژن دەستی پێ کرد. پاش هەڵوەشانەوەی کەلتووری ژنی پێشەنگ، لەگەڵ میتانییەکاندا ژنی کۆشکەکان دەرکەوتن. نەفەرتیتی ژنی سەر بە کۆشکە. ژنانی کۆشکی ئەو سەردەمە، لە پرۆسەی مێژوودا بوون بە ژنی ماڵەوەی ئەم سەردەمە. وەک ئێوەش دەزانن، کەلتوور و نەریتی ساتی هەیە. لە کەلتووری ساتییەکان، ژنان فڕێدەدرانە نێو ئاگر و دەسووتێنران. لە ساڵانی ١٨٣٢ شدا، ئەمە ڕوویدا. پاشان، ئینگلیزەکان کۆتاییان بەم کەلتوورە هێنا.

سەرلەنوێ لەدایکبوونەوە زۆر گرنگە. دەبێت ژنان لەڕووی کەلتووری و کۆمەڵایەتی و مێژووییەوە هەڵبسەنگێندرێن، نەوەک لەڕووی بایۆلۆژییەوە. وەک سیمۆن دی بۆڤواریش دەڵێت، مرۆڤ بە ژنی لەدایک نابێت، دەکرێت بە ژن. من دژی ئەوین و هاوسەرگیری نیم. بەڵام ڕۆژ نییە لەژێر ناوی ئەویندا تاوانی دڕندانە ئەنجام نەدرێت. کەسێکی ئەویندار چۆن خۆشەویستەکەی دەکوژێت؟ ئەمە ئەوین نییە. تا ئێستە زۆر ژن بەهۆی پەیوەندییەکی لەم جۆرەوە خۆیان کوشتووە. هەروەها، کەلتووری ژنی ئازاد هەیە. ئێستە ئێوە لەم کەلتوورە نزیک بوونەتەوە. ژنان دەیانەوێت سنوورەکانی دایکبوون و هاوژینبوون تێپەڕێنن. بەڵام هێشتاش ١٠٪ ی کەلتووری ژنی ئازاد دەژین. خاڵی سەرەکی، شەڕکردنە دژی زیهنیەت. سیستەمی کۆمەڵایەتیی پیاوسالار هەردەم کێشە بۆ ژنان دەسازێنێت. توندوتیژی هەیە، داگیرکاری هەیە، زینای مەحرەم هەیە، دەستدرێژیی ڕەگەزی هەیە، ئەگەری کوشتنی منداڵی کچ هەیە. گەر لە ئایندە منداڵە کچەکان بکوژرێن، ئێوە چ دەکەن؟ کاتێک باسی کەلتووری ساتی دەکەم، تیشک دەخەمە سەر ئەم ڕاستییە. پێویستە ئێوە دژی ئەم کەلتوور و زیهنیەتە شەڕ بکەن. لەم ڕووەوە، دووچاری کێماسی و ناکۆکی بوون، خۆتان لەم کێماسی و ناکۆکییانە دەربازبکەن.

پرسی ژن لە پرسی کورد قووڵترە. پرسی ژن لە پرسی کورد گەورەترە. لەم ڕووەوە، ئێمە تەنها هەنگاوێکی سەرەتاییمان ناوە. کەلتووری شەڕ و پێکدادان زیاتر دژی ژنان بەڕێوەدەچێت. لەناوبردنی ئەم کەلتوورە، داینەمۆی تێکۆشانی ئێمەیە. ڕۆحی ئەم سەردەمە، سیاسەتی دیموکراتیکە، زمانی ئەم سەردەمە، زمانی ئاشتییە. بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" هاوکات ڕێنێسانسێکە بۆ ژنان. بە عەشقی مەم و زین و عەشقی دەروێش عەبدی، سڵاو لەو ژنانە دەکەم کە گوێ لە بانگەوازەکەم دەگرن و باوەڕیان بە پێکەوەژیانە، وە ٨ ی ئادار ڕۆژی جیهانیی ژنانی کرێکار پیرۆز دەکەم.

سڵاو و خۆشەویستی خۆمتان بۆ دەنێرم.

عەبدوڵا ئۆجالان".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×