بە بەشداریی زیاتر لە 400 ئەندام، لە باشور، باکور و ڕۆژئاوای کوردستان، کۆنفرانسی یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستی پێکرد.
ئاوێنە: كەمێك لەمەوبەر لە هۆڵی ئازادیی لە شاری قامیشلۆ، کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بە خولەکێک وەستان بە بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە ڕۆحی شەهیدان دەستیپێکرد.
لە کۆنفرانسەکەدا زیاتر لە 400 ئەندام لە لایەنە سیاسییەکان، ڕۆشنبیران و توێژە جیاوازەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و چەندین ناوچەی سوریا و نوێنەری مەسعود بارزانی و وەفدی یەكێتی لە باشورو وەفدی دەم پارتی و دەبەپە لە باکوری کوردستان بەشدارییان کردوە.
بڕیارە وتاری کردنەوەی کۆنفرانس لەلایەن مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە بخوێندرێتەوە، هەروەها وتاری نوێنەری مەسعود بارزانی، یەكێتی، دەم پارتی و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێشکەش بکرێت.
لە کارنامەی کۆنفرانسەکەدا، ڕەشنوسی یەکڕیزیی کورد، کە پێشتر گفتوگۆی لەسەر کراوە، دەخرێتەڕو و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، لە ئەنجامی گفتوگۆکاندا، شێوەی کۆتایی وەردەگرێت و پەسەند دەکرێت.
لە کۆتاییدا بە ڕاگەیاندراوێک ئەنجامی کۆنفرانسەکە بۆ ڕای گشتیی دەخرێتەڕو.