ئا: ئاوێنە
شرۆڤەکارێکی ناسراوی تورکیا، دەنیز زایراک، لە ڕۆژنامەی نەفەس نوسیویەتی "لەم ڕۆژانەدا کە ناساندنی عەبدوڵا ئۆجەلان وەک یەکێک لەکەسایەتییە سیاسییە گرنگەکانی تورکیا دەبینین، هەندێک یادگاری رابردووم بیردێتەوەو لەخۆم دەپرسم: تورکیا لەکوێوە بۆ کوێ هاتووە؟"
دەنیز دەنوسێت "ئەم رۆژانە هەندێک ڕووداوی تراژیدی کۆمیدیم بیر دێتەوە کە لەرابردوودا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئۆجەلان دەکرا، ڕێگەم بدەن لەگەڵتان بەشی بکەم:
* یەکەم هەواڵ لەساڵی ٢٠٠١ەوەیە. لەڕۆژنامەی ڕادیکاڵ بڵاوکرایەوە. بەگوێرەی هەواڵەکە، خاوەن ریستۆرانتێک لەزەیتینبورن ئەو خوێدانانەی کڕیوە کە لەبازاڕدا وەک گاڵتەجاڕی بینیویەتی، پێیوابوو لەچێشتلێنەرەکەی دەچێت. خوێدانەکان لەسەر مێزەکان دابەشکرابوون. دوای ماوەیەک ئەفسەرێکی پۆلیس بەجلوبەرگی مەدەنییەوە، کە یەکێک بووە لەکڕیارە ئاساییەکانی، لەگەڵ چەند پۆلیسێکدا خاوەنی چێشتخانەو کەبابخانەکەیان دەستبەسەر کردووەو بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە خوێدانەکان لەسەرکردەی پەکەکە ئۆجەلان دەچنو دەستیان بەسەر خوێدانەکاندا گرتووە. بەڵام بەرپرسی پۆلیسی قەزای زەیتینبورن خاوەنی چێشتخانەکەی ئازاد کرد.
دواتر ئەم ڕووداوە لەڕۆژنامەکاندا بڵاوکرایەوە، خوێدانەکان زیاتر بەناوبانگ بوون. بەرپرسانی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکەی رونیانکردەوە کە گەشتیارانی بیانی خوێدانەکان بەسەدام حوسێن دەچوێنن، بەڵام ئەوە یەکەمجارە بیستوویانە کە لەئۆجەلان دەچن، بۆیە ئەمە وایکرد لەساڵی 1999ەوە زیاتر لەملیۆنێک دانەی لێبفرۆشن.
ئەم ڕووداوە تراژیدی کۆمیدییە بووە هەواڵی ڕۆژنامەگەری جیهانی. ڕۆیتەرز سەبارەت بەم رووداوە ئەم دێڕانەی خوارەوەی نووسی:
لەکاتێکدا پۆلیس خاوەنی کەبابخانەکەیان دەستگیرکردووە، دەستیان بەسەر ١٢ پیاوی قەڵەویشدا گرتووە کە سمێڵ و برۆیان پڕو ئەستور بووە،. لەکاتێکدا پۆلیس بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە خوێدانەکان لەئاپۆ دەچن، سەرۆکی ئەو بنکەی پۆلیسەی خاوەن کەبابفرۆشەکەی لێ هێنرابوو وتی "ئەمە چ جۆرە تۆمەتێکە؟ ئەگەر ئاپۆ ئەمە ببیستێت پێدەکەنێت”.
* هەواڵی دووەم لەساڵی 2007دا بوو، لەو کاتەدا ئاکەپە لەدەسەڵاتدا بوو، زۆرینە بوون لەئەنجومەنی باڵای رادیوو تەلەفزیۆن RTÜK.
RTÜK بڕیارێکی سەرنجڕاکێشی دا.
لەکۆبوونەوەیەکی RTÜKدا، شارەزایەک لەڕاپۆرتێکدا کە وشەی "عیمرانلی" (ناوی قەزایەکە لەسیواس) لەگۆرانییەکی فۆلکلۆری بەناوبانگدا بەناوی "ئیمرالی" تێگەیشتووە، کە ئۆجەلان سزاکەی تێدا بەسەربردووە، بەهۆی ئەو ڕاپۆرتەوە، دەستەی کارگێڕی RTÜK سزای داخستنی بۆ ماوەی ٦ مانگ بەسەر یەکێک لەڕادیۆ خاوەن جەماوەرو بەناوبانگەکانی ئەنقەرەدا سەپاند کە ناوی "چاغداش ڕادیۆ" بوو. لەڕاپۆرتەکەی شارەزاکەی RTÜKدا پاگەندەی ئەوە کرابوو کە گۆرانییەکە وشەی "ئیمرالیەکەم لەلایەک، هەموو جیهان لەلایەک" لەخۆدەگرێتو دەربڕینی "پارچە مۆسیقایەک کە ستایشی سەرکردەی پەکەکە دەکات" بەکارهێنراوە.
* ڕووداوی سێیەمیش لەساڵی 2009دا بوو، لەئەنقەرە ڕوویداو لەلایەن مەسعود حەسەن بنلی لەڕۆژنامەی ڕادیکاڵ بڵاوکرایەوە.
لێڤێنت ک.، پارێزەری سەندیکای پارێزەرانی ئەنقەرە، وێنەی باوکی کە لەساڵی ١٩٩٣ کۆچی دوایی کردبوو، لەئۆفیسەکەی لەتەنیشت وێنەی ئەتاتورک لەسەر دیواری بەرامبەر مێزەکەی هەڵواسیوە. بەڵام بەهۆی ئاگادارکردنەوەیەک لەپۆلیس کە "وێنەیەکی ئۆجەلانی لەئۆفیسەکەیدا هەڵواسیوە"، تیمەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ٢٦ی ئازاری ٢٠٠٩ هەڵیانکوتایە سەر ئۆفیسەکەی. پۆلیس راپۆرتێکی ئامادەکردو گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ئەو کەسەی لەوێنەکەدا دیارە ئۆجەلان بووە نەک باوکی حەسەن ک. پاشان داواکاری گشتی لێکۆڵینەوەی لەدژی لێڤێنت کردەوەو دوای چەند کاتژمێرێک لەگەڕان، پۆلیس دەستی بەسەر هارد دیسکی ئەو کۆمپیوتەرانەدا گرت کە لێڤێنت بەکاریدەهێنان.
سەرەنجام دوای پرۆسەیەکی درێژخایەنی دادوەریی، دەرکەوت کە وێنەکە ئۆجەلان نییەو باوکیەتی.
