سەرۆکی جەهەپە، ئاماژە بەوە دەکات کە دژی هەر جۆرە بەخشینو وەرگرتنێکین لەنێوان پەکەکەو ئەردۆغان، ئەو دەڵێت "دژی پیلانی هەموار کردنەوەی دەستوری تورکیاین".
ئاوێنە: ئوزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە، کە دووەم پارتی گەورەی تورکیاو ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکی ئەو ولاتەیە، رایگەیاند دژی موزایەدەی بەخشینو وەرگرتنین لەنێوان پەکەکەو ئەردۆغان، ئەو وتی "ئەگەر بڕیارە شتێک لەناو پەرلەمان ڕووبدات، بەدڵنیاییەوە پێویستە کەسوکاری شەهیدانو سەربازانی دێرین لەپەرلەماندا بەشداری بکەن، هەر شتێک جێی ڕەزامەندی ئەوان نەبێت، ڕاست نییە. ئەگەر لەناو پەرلەمان کۆدەنگییەکی کۆمەڵایەتی هەبێت، ئێمە پشتگیری لێدەکەین. بەڵام جگە لەوەش ئێمە دژی موزایەدەی بەخشین و وەرگرتن و بەتایبەتی دژی پیلانەکانی هەموارکردنەوەی دەستوور وەستاوین".
وتیشی "نوێنەرایەتییەکی بەرزو لایەنی زۆر لەپەرلەماندا هەیە، بۆیە ئەوەی پەرلەمان بەدەر بکات تورکیا بەدەر دەکات، ئێمە لە ساڵی ٢٠١٥دا ئەمەمان ئەزموون کرد، ئەگەر ئێستا شکستێک هەبێت، بەداخەوە دۆخێکی کارەساتبار سەرهەڵبدات، شانی خۆی خاڵی دەکاتەوەو هەمووی دەخاتە ئەستۆی باخچەلی".