ئاوێنە زانیاری لەسەر هۆکاری ئازادنەکردنی بەشدار بازیانی رۆژنامەنوس ئاشکرادەکات
  2025-03-08       936       

دوای ئەوەی رۆژی ٥ی شوباتی ٢٠٢٥ رۆژنامەنوس بەشدار بازیانی و سێ لەهاوکارەکانی دەستگیرکران و پاشان دوای ئازادکردنیان بۆ جاری دووەم بەشدار بازیانی دەستگیردەکرێتەوە، ئاوێنە هۆکاری ئازادنەکردن و دۆخی تەندروستی کە ئایا ئەشکەنجە دراوە لە سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان دەپرسێت و سەندیکاش زانیاری نوێ دەخاتە روو.

ئاوێنە: ئەمڕۆ شەممە ٨ی شوباتی ٢٠٢٥، کاروان ئەنوەر سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان لەبارەی هۆکاری ئازادنەکردنی بەشدار بازیانی تایبەت بە ئاوێنە دەڵێت "پاش ئەوەی کە سەردانی بەشدارمکرد هێشتا لێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە، وە تاوەکو دادوەریش بڕیار لەسەر بابەتێک نەدات کەس ناتوانێت قسەی لەسەر بکات، بڕیاری سەرەتا و کۆتایی لای دادوەرەکەیە".

وتیشی "بە نسبەت تیمەکەی دیکەوە هەموویان ئازاد کراون لەبەشی راگیراوان بوون، دانا ساڵح دووجار بانگکرابوو و بۆ ماوەی دوو رۆژ راگیرابوو، بەڵام ئەوانەی دیکە بە کەفالەتی ٥٠٠ هەزار ئازادکران، ئێستا تەنیا بەشدار ماوەتەوە".

بەوتەی کاروان ئەنوەر "تاوەکو ئێستا کە قسە دەکەین لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامە رۆژانە پرسیاری لێدەکەن، وە بابەتێک تاوەکو نەگاتە رێڕەوی لێکۆڵینەوەکان نەخۆی نە دادوەر ناتوانێت قسەی تێدا بکات".

لە هەینی رابردووەوە رۆژنامەنوس بەشدار بازیانی لەلایەن هێزەكانی ئاسایشى سلێمانی لەگەڵ سێ هاوکاری دیکەی بە ناوی (دانا ساڵح، نەبەز شێخانی و سەردەشت حەمە ساڵح) دەستگیرکران. دواتر هاوکارەکانی ئازاد کران جگە دانا ساڵح کە دووجار بانگکرایەوە. سەندیکای رۆژنامەنوسانی سلێمانی رایگەیاند، بازیانی بەپێی ماددەی 433 دەستگیرکراوە.

سەبارەت بەهۆکاری دەستگیرکردنەکەش، ناوبراو رونیکردەوە "ئەو میدیایە مۆڵەتی کارکردنی نییە، تەنیا رێنمایی وەزارەتی رۆشنبیری هەبووە، بەڵام لە بنەڕەتدا دەبێت سایت و میدیای دیجیتاڵی مۆڵەتی سەندیکای رۆژنامەنوسانی هەبێت، هەروەها ئەو بابەتانەی کە بڵاویکردووەتەوە کەم تا زۆر هەندێک زانیاری تێدایە بتوانرێت راستییەکەی بسەلمێنرێت کە لە تەرەفی بەشدارەوە بێت بێگومان بێتاوان دەردەچێت، بەڵام ئەگەر نەتوانێت بیسەلمێنێت لە رێڕەوی لێکۆڵینەوەکان بەشێوەی دیکە بێت دەمێنێتەوە تا کاتی یەکلاییکردنەوەی".

سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان زیاتری ئاشکراکرد و وتی "ئێمە کەم تا زۆر داوامان کردووە بتوانرێت بە کافالەت ئازاد بکرێت تاوەکو رۆژی دادگایی کردنەکەی، بەڵام دیارە چەند بابەتێکی لەسەرە خۆی. چونکە سکاڵاکان لەسەر بەشدار یەک و دوان نیین، بەڵکو زۆرن کە هەندێکیان سکاڵای میدیاین و هەندێکیان بە سزای سزادانی عێراقیە لەگەڵ یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان. هیوادارین لەنزیکترن کاتدا بەشدار بێتە دەرەوە تا رۆژی دادگایکردنەکەی بە کەفالەت ئازاد بکرێت".

لەبارەی ئەوەی تاچەند لەژێر ئەشکەنجەدا راستییەکانی پێ دەسەلمێنرێت؟ کاروان ئەنوەر نەیشاردەوە و دەڵێت "لەزمانی خۆیەوە ئەمە دەڵێم و سوێندمدا و وتم؛ هیچ ئەشکەنجەیەکیان داویت یاخود ئیهانە کراوی پێم بڵێ من دەسەڵاتی ئەوەم هەیە کە بیگەیەنم بەدونیا، وتی؛ بەهیچ شێوەیەک! و رێزیانگرتووم هەڵسوکەوتیان زۆرباش بووە لەگەڵما لەرووی خواردن و خەویشەوە، بەشدار وتیشی؛ بەڵام حەزەکەم لەناو جەناحە قەرەباڵغەکەدا بم، ئەوانیش دەڵێن ئەوان خەڵکی جۆراوجۆری تێدایە. ئەوە تاکە داواکاری بەشدار بووە، وە وتیشی پارە و دوو دەست جلم پێیە دەشتوانم لەوێ شت بکڕم. ئەمە گفتوگۆی من و بەشداربووە بۆ تاریخ دەیڵێم".

سەبارەت بەوەی تاچەند بازیانی لە زیندانی تاکە کەسیدایە؟ ناوبراو وتی "لە زیندانی تاکە کەسی نییە، ئەو چوار رۆژنامەنوسە جەناحی جیایان بۆ دانابوون و تێکەڵی خەڵکە گشتیەکەیان نەکردبوون، کە ئەوەش سیفەتێکی باشە".
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×