وەزیری راگەیاندن و رەوەندی ئیسڕائیل رایگەیاند، ئیسڕائیل بۆ پاراستنی كورد و دروزییەكان دەست بە جووڵە دەكات و دەشڵێت، “دەبێت رۆژئاوا سزای توندی قەتەڕ و توركیا بدات بەهۆی پشتگیرییەكانیان بۆ تیرۆریستانی تەحریر شام”.
ئاوێنە: ئەمێخای شیكلی، وەزیری راگەیاندن و رەوەندی ئیسڕائیل لە راگەیەندراوێكدا لە پێگەی فەرمی خۆی لە پلاتفۆڕمی ئێكس بڵاویكردەوە، جوڵە دەكەن بە ئاڕاستەی پاراستنی كورد و دروزییەكان و كەمینەكانی دیكە لە سوریا.
ئاماژەی بەوەشكردووە، دەبێت كورد و دروزییەكان لە دەست تیرۆریستان تەحریر شام بپارێزرێن و ئەو كوشتارگەیەی لە هەینییەوە دەیبینی كۆتایی پێبێت.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەیدا ئەمێخای شیكلی باسی لەوەشكردووە، كورد و دروزییەكان رووبەڕووی جینۆسایدی جیهادی گروپی تیرۆریستی تەحریر شام دەبنەوە و ئیسڕائیلیش لە پێناو پاراستنیان دەست بە جوڵەی مەیدانی دەكات.
روونیشیكردووەتەوە، لەلای خۆشییەوە لەسەر نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی رۆژئاوا پێویستە سزای توندی قەتەڕ و توركیا بدەن بەهۆی پشتگیرییەكانیان بۆ ئەم جۆرە گروپە تیرۆریستییانە و هاوشێوەكانیان.