وتەبێژی حكومەتی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا وڵاتەكەی بەڕەسمی ئاگادار نەكراوەتەوە لەبارەی كۆتاییهاتنی لێخۆشبون بۆ هاوردەكردنی غازی ئێرانی و دەشڵێت، حكومەت سیناریۆی بۆ روبەڕوبونەوەی هەر پاشهاتێك لەوبارەیەوە هەیە. رەتیشیدەكاتەوە هیچ گوشار و هەڕەشەیەك لەبارەی گروپە چەكدارەكان، دۆلار و كۆمپانیای نەوتی سۆمۆ لەسەر عێراق هەبێت و دەشڵێت، شتی لەو جۆرە قبوڵ ناكەین.
ئاوێنە: باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق لەمیانی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ میدیای رەسمی وڵاتەكەی، وتویەتی، پەیوەندیی نێوان عێراق و ئەمریكا لە ئێستادا پەیوەندییەكی ئارامە، پەیوەندیی تەلەفۆنی نێوان سەرۆك وەزیرانی عێراق و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، پەیوەندییەكی بابەتی و پیشەیی بوە لەسەر بنەمای رێزگرتنی دولایەنەو باسیان لە پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان بەغداو واشنتۆن و رێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی كردوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی سودانی و وەزیری دەرەوەی ئەمریكادا هیچ لایەكیان باسیان لە هیچ بابەتێكی ناوچەیی پەیوەست بە ئێران یان وڵاتێكی دیكەوە نەكردوەو ئەوەشی ئەمریكا لەوبارەیەوە لە راگەیەندراوەكەیدا باسی كردوە، پەیوەندیی بە سیاسەتی ئەو وڵاتەوە هەیە.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە، لەساڵی 2028، عێراق لە بابەتی وزەدا دەگاتە ئەو ئاستەی كە پێویستی بە هاوردەكردنی غاز لە دەرەوە نەبێت.
جەختیشی كردۆتەوە، هیچ گوشار و هەڕەشەیەكمان لەسەر نییە و عێراقیش پەیوەندیی لەو جۆرە لەگەڵ هیچ وڵاتێكی بچوك و زلهێز قبوڵ ناكات، بەڵام گفتوگۆمان لەبارەی چەندین بوار لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە وڵاتان هەیە لەنێویاندا چین، روسیا، بەریتانیا و ئەمریكا.
هەروەها دوپاتیشیكردۆتەوە كە هیچ سزاو گوشارێك لەسەر عێراق نییە لەبارەی گروپە چەكدارەكان، یان دۆلار یاخود كۆمیانیای نەوتی سۆمۆ، بەڵام گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا هەیە لەسەر ئاستە جیاوازەكانی وەك وەزارەتی دەرەوە یاخود لەڕێگەی باڵیۆزخانە و وەفدەكانەوە كە تێیدا ئەو لایەنانە تەنیا لەپێناو پتەوكردنی دۆخی ئەمنی عێراق هەندێك پێشنیار لەوبارەیەوە دەكەن.
ئاماژەی بەوەشداوە، عێراق بەڕەسمی ئاگادار نەكراوەتەوە كە حەشدی شەعبی یان هەر دامەزراوەیەكی دیكەی ئەمنی هەڵبوەشێنرێتەوە، هەروەها ئاگاداریش نەكراوەتە لە كۆتاییهاتنی ماوەی لێخۆشبون بۆ هاوردەكردنی غازی ئێران، بەڵام سەرۆك وەزیرانی عێراق سیناریۆی داناوە بۆ روبەڕوبونەویە هەر پێشهاتێك لەبارەی لێخۆشبون بۆ هاوردەكردنی غازی ئێرانی.