بارانی بەهێز دەبارێت و دەوام رادەگیرێت
  2025-03-09       276       

ئەمڕۆ یەكشەممە 9.3.2025 لە شارەكانی كەربەلا، دیالە، دیوانییە و ئەنبار پشووی فەرمییە لە قوتابخانەكان، ئەمەش بەهۆی بەردەوامیی بارانبارین، كەشناسیی عێراقیش دەڵێت، شەپۆڵەكە بەردەوام دەبێت.

ئاوێنە: راگەیاندنی پارێزگای كەربەلا بڵاویكردەوە، پارێزگار بڕیاری داوە ئەمڕۆ پشووی قوتابخانەكان بێت، چونكە بارانی بەخوڕ بەردەوامە و مەترسی لەسەر قوتابیان هەیە.

بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی دیالە لای خۆیەوە بە هەمان مەبەست، دەوامی قوتابخانەكانی داخست، دوو رۆژی رابردووش بارانبارینی بەخوڕ لەوێ بەردەوام بوو.

لە پارێزگاكانی ئەنبار و دیوانییە و میسانیش بە هەمان شێوە پارێزگارەكان بڕیاریان دا قوتابخانەكان دابخرێن و ژیانی قوتابیان لەبەر لافاو و باران پارێزراو بێت.

هەروەها پەروەردەی سەڵاحەدین بڕیاری دا دەوامی قوتابخانەكانی قەزای سامەڕا رابگرێت هەر بەهۆی هەمان بارودۆخەوە.

چەند رۆژێكە شەپۆڵێكی باران و سەرما شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقی گرتووەتەوە و بارانی بەخوڕ لە چەند شوێنێك لافاوی دروست كردووە، هەروەها لە بەشی رۆژهەڵاتی سنووری ئێرانیشەوە ئاوێكی زۆر هاتووەتە ناو عێراقەوە و ئەمەش كێشەی بۆ هەندێك ناوچە دروست كردووە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا دەستەی كەشناسیی عێراق ئەمڕۆ بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ باران لە چەند شارێكی عێراق بەردەوام دەبێت، كە هەورەبروسكە و بای بەهێزی لەگەڵ دەبێت، ئەوەشیان خستووەتەڕوو، كە ئەم كەشە تا چوارشەممە بەردەوام دەبێت و باران لە چەند ناوچەیەكی باكووری عێراقیش دەبارێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×