شارەزایەكی بواری كەشناسی پێشبینی دەكات لە رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیەوە تا رۆژی 22ی ئەم مانگە، پلەكانی گەرما بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرزببنەوەو كەشی راستەقینەی بەهارە لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێم دەستپێبكات.
ئاوێنە: ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی، ئەمشەو دوشەممە، لە لەبارەی پێشبینییەكان بۆ كەشوهەوای رۆژانی داهاتو لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، سبەی سێشەممە، کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سور بەردەوامی ئەبێت لەسەر ناوچەکانمان ھاوشێوەی ئەمڕۆ کاتەکانی دوای نیوەڕۆ بۆ ئێوارە ئاسمانی ناوچەکان بە زۆری دەگۆڕێت بۆ نیمچە ھەور و لەھەندێك شوێن و ناوچەدا ھەورە بروسکە و تاوە بارانی مامناوەند بۆ بەخوڕ چالاک ئەبێتەوە.
ئەوەشی خستۆتەڕو، سبەی لە ئێوارەوە کاریگەی ئەو ناجێگیرییە لەسەر کەشی ناوچەکانمان کۆتایی پێدێت، پلەکانی گەرما بەجێگیری ئەمێنێتەوە و خێرایی با لەسەرخۆ ئەبێت 5-15کم/ک ئاراستەی با رۆژئاواو و باشوری رۆژئاوا ئەبێت .
بەپێی قسەی ئاراس جەبار، لە دوسبەی چوارشەممە 12/3/2025ەوە تا رێکەوتی 22/3/2025 کەشی ھەرێمی کوردستان بەماوەیەکی سەقامگیردا تێپەردەبێت و لەئەنجامی ھاتنی نزمەپاڵەپەستۆیەکی گەرمی (خەماسینی) لەباکوری ئەفریقیاوە بۆ سەر تورکیا بە کاریگەری بەھێز و بۆ سەر عێراق و ھەرێمی کوردستان بە کاریگەری کەمتر، لەو ماوەدا پلەكانی گەرما بەرێژەیەکی بەرچاو 8 تا 11 پلە لەناوچەکانمان بەرزدەبنەوە و کەشی راستەقینەی بەھارە لە زۆربەی ناوچەکان دەستپێدەکات .
هێمای بۆ ئەوەش كردوە، لە دوای ئەم گەرمایە ئەگەرێک ھەیە لە 22ی ئەم مانگەوە بارانبارین دەستپێبکاتەوە.