ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكرات-پەیەدە رایگەیاند، دیدارەكەی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هەسەدەو ئەحمەد شەرع، سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریا، هەنگاوێكی ئەرێنییە بەرەو چارەسەركردنی پرسەكان.
ئاوێنە: ئاڵدار خەلیل لە لێدوانێكدا بۆ تەلەفزیۆنی روناهی، وتویەتی"ئێمە پێمانوایە ئەم دیدارە هەنگاوێكی ئەرێنی دەبێت بەرەو چارەسەركردنی پرسەكان."
وتوشیەتی"پێویستە لەبارەی دیدارەكە سەرنج لەسەر لێدوانە رەسمییەكان بێت."
ئاڵدار خەلیل جەختیشی كردۆتەوە "بۆ رێگریكردن لە دوبارەبونەوەی شەڕو ئاڵۆزییەكان لە ناوچەكانی وەك كەناراوەكانی سوریاو حەلەب، گرنگە خەریكی گفتوگۆ و دانوستان بین."
ئاماژەی بەوەشداوە "دەبێت بەرەوپێشچون لە لێكتێگەیشتنەكاندا هەبێت بۆ رێگری لە هەڵایسانی شەڕی تائیفی یان شەڕی ناوخۆ."
ئەندامەكەی دەستەی هاوسەرۆكایەتی پەیەدە وتوشیەتی، ئەو بڕیارانەی پەیوەستن بە ئاگربەستەوە دەبێت لە سوریا جێبەجێ بكرێن.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە، دەبێت یەكپارچەیی خاكی سوریا بەدی بهێنرێت و سوریایەكی نوێ بونیادبنرێت.
جەختیشی كردۆتەوە كە پێویست بەوە هەیە چەند لیژنەیەكی تایبەت پێكبهێنرێن بۆ بونیادنانی سوریای نوێ و دەبێت ئەو لیژنانە پرسی كورد و پرسە ئیداری و سەربازییەكان چارەسەر بكەن.