رێباز حەملان لەبارەی دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستی بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق لە روكردنەوەیەكدا دەڵێت، لە كۆبونەوەی رەسمی ئەنجومەنی وەزارەتدا کێشەکە زیاتر گهورهكرا و لهگهڵ خودى وهزیر دەمەقاڵێ و گرژی دروست بو، به شانازییهوه سەرسەختانە مرافەعەم لەسەر مافەکانی ھەرێمی کوردستان کرد.
ئاوێنە: رێباز حەملان، ئەمڕۆ دوشەممە، لە رونكردنەوەكەیدا لەبارەی دەستلەكاركێشانەوەی وتویەتی"بە شانازییەوە، لە ژیانی سیاسی خۆمدا بۆ جاری دوەم لەسەر مافی میللەتەکەم بڕیاری چارەنوسسازم داوە."
بەقسەی رێباز حەملان جاری یەكەم كە لەسەر "مافی میللەت" هەڵوێستی هەبوە، ئەوەبوە كە لەساڵی 2017 كاتێك وەزیری دارایی هەرێم بوە، رێگەی نەداوە نیسابی یاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەدەستبدرێت و وتویەتی"بڕیارمدا وەک وەزیری دارایی و ئابوری لەناو حکومەت بەردەوام بم لەسەر خزمەتکردنی گەلەکەم باجی ئەو ھەڵوێستەم ھەرچی بێت دام."
رێباز حەملان ئاماژەی بەوەشداوە، "لەگەڵ دەستبەکاربونم وەک بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ، لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێم، دیدارو کۆبونەوەم لەگەڵ بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی بەغدا کرد لە ئاستی زۆر باڵا، دواتر لە راگەیاندن چەندین دیدارم ئەنجامدا و بەرگریم کرد لە مافەکانی ھەرێم، راستییەکانم باس کرد کە حکومەتی ھەرێم پابەند بوە بەو داواکاریانەی لێی کراوە و هەموی جێبەجێ کردون."
وتوشیەتی"ئەم ھەوڵانەم نیگەرانی وەزیری دارایی عێراقی لێکەوتەوە و بەیاننامەی لەسەر دەرکردم، بۆ یهكهمجارە لە سایتی وەزارەتێک لە عێراق بهیاننامه له دژی بەرپرسێکی باڵا بڵاوبکرێتەوە، چونکە من لەبەغدا پێشمەرگەئاسا بەرگریم لەقوت و مافی خەڵکی ھەرێمکرد و خەریکی بەرژەوەندی شەخسی خۆم نەبوم."
ئەوەشی خستۆتەڕو"دواتر لە کۆبونەوەی فەرمی ئەنجومەنی وەزارەت کێشەکە زیاتر گهورهكرا و لهگهڵ خودى وهزیر لەبەردەم ھەمو ئامادەبوان کە 24 بەڕێوەبەری گشتی ئامادەبون دەمەقاڵێ و گرژی دروست بو، به شانازییهوه سەرسەختانە مرافەعەم لەسەر مافەکانی ھەرێمی کوردستان کرد."
وتوشیەتی، بۆیە "لەسەر مامەڵەی نادروستی وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر پرسی موچەو بودجەی ھەرێم، کە زۆر مامەڵەیەکی سیاسیانەیە بە ناوی بابەتی تەکنیکی و ھونەرییەوە بەردەوام موچەی موچەخۆرانی ھەرێم دوا دەخرێت و لەکاتی خۆیدا ناینێرن، بۆ جاری دوەم بڕیارمداو بە رەوام نەبینی من بەرپرسی باڵای وەزارەتێك بم لە بەغدا، موچە لەکاتی خۆی وەربگرم و ئیمتیازاتی زۆرم ھەبێت، بەڵام ھەمان وەزارەت ھۆکاری ناڕەحەتی میللەتەکەم بێت و ھەر مانگە و بەجۆرێك مامەڵە لەگەڵ ھەرێم بکات، ویژدانی خۆم بەرامبەر خوای گەورەو میللەتەکەم و حیزبەکەم ئاسودەکرد."
هێمای بۆ ئەوەش كردوە "لە کۆتایی مانگی یەک بەرێزان بەرپرسانی باڵای ھەرێم و حیزبم لەم بابەتانە ئاگادار کردەوە، داوامکرد کە من دەست لە کار بکێشمەوە و چیتر مامەڵەی نادروست مایەی قبوڵکردن نییە، بۆیه دەستم لە پۆستەکەم کێشایەوە."