وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی ھەرێم دەڵێت، "تا ئێستا پڕۆژەی کارەبای روناکی لە قۆناغی تێست دایە، ھێشتا ھیچ نرخێکی رەسمی بۆ کارەبای 24 کاتژمێری دیاری نەکراوە و دیراسە دەکرێت."
ئاوێنە: ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دوشەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی راگەیاند:"پڕۆژەی روناکی لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردو بەشێوەی ئەزمونی دەستیپێکردوە."
ئەوشەی خستۆتەڕو، "حکومەت لەو نرخەی دیاریكراوه پاڵپشتی ھاوڵاتی دەکات و پارەی زیاتر بۆ ئەوانە دێتەوە کارەبای زیاتر بەکاردێنن نەک ئەوەی کەمترین کارەبا بەکاردێنێت، بۆیە ئەم پڕۆژەیە وا لە خەڵک دەکات بزانێت مانگانە چەند کارەبا بەکار بێنێت و چەند پارەی بۆ دەگەڕێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی نرخی فەرمیی دیاری دەکرێت."
باسی لەوەش کرد "مۆلیدەکان تا کۆتایی پڕۆژەی روناکی بەردەوام دەبن و کاری خۆیان دەکەن، ھەمیشە ھاوکاری ئێمە بونە و داواش دەکەین ھاوکاری بەردەوام بن، بەڵام پڕۆژەی ڕۆناکی بەردەوام دەبێت تا کۆتایی پێدێت، بۆیە ھەر کاتێک دیراسەی ئێمە لەلایەن تیمێکی بەھێز تەواو بو، نرخی کارەبای ڕۆناکی بە شێوەیەک لەخزمەتی هاوڵاتییان بێت دیاری دەکرێت و بە فەرمیی ڕایدەگەیەنین کە بڕیارە تا کۆتایی ساڵی داھاتو تەواو بکرێت و کارەبا لە ھەرێمی کوردستان بکرێتە 24 کاتژمێری، چونکە ئێستا زۆر بەخێرایی کار لە سەر ئەوپڕۆژەیە دەکرێت."