بەپێی ئاماری مانگانەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی شووباتی ئەمساڵدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوو ژن کوژراون، دەشڵێن، ئەو دوو ژنە بە بیانووی شەرەف لەلایەن باوکیانەوە کوژراون.
ئاوێنە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماری کوشتنی ژنانی کوردی لە مانگی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە، لە مانگی ڕابردوودا ژنێکی کورد بە ناوی کانی عەبدوڵاهی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی پیرانشار بە بیانووی شەرەف لەلایەن باوکییەوە بە چەقۆ کوژرا.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەر لەو مانگەدا ژنێکی دیکەی کورد بە ناوی سەید دوونیا حسێنی تەمەن ٢٣ ساڵی خەڵکی کرماشان، دوای جیابوونەوە لە هاوژینەکەی بە بیانووی شەرەف لە لایەن باوکییەوە بە چەقۆ کوژرا.
جێگای ئاماژەیە، بە پێی ئاماری مانگانەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ١٣ ژن لە لایەن هاوژینەکانیانەوە کوژراون.