وه‌زیری شاره‌وانی: پێویستە گرفته‌كانی به‌رده‌م دابه‌شكردنی زه‌وی له‌ سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ چارەسەربكرێن
  2025-03-09       326       

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم رایگەیاند، پێویستە گرفتە هونەری و یاسایی و لۆجیستییەكانی بەردەم پڕۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین چارەسەربكرێن و پڕۆسەكە بە باشی بەڕێوەبچێت.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ئەمڕۆ یەكشەممە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی سەرپەرشتیی كۆبونەوەیەكی تایبەت بە پرۆسەی دابەشكردنی زەوی لە سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین كرد.

لە كۆبونەوەكەدا ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی و كاروباری یاسایی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، هەروەها سەرۆكایەتییەكانی شارەوانیی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، ڕاپەڕین و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین و بەڕێوەبەرایەتییەكانی نەخشەدانانی ئاوەدانی ئەو سنورانە ئامادەبون.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەدواداچونی بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچونی پرۆسەكە كرد و لە كێشە و داواكاری فەرمانگەكانی كۆڵییەوە، شارەوانییەكانیش بە داتا و لەسەر نەخشە، زانیارییان لەسەر پرۆسەكە خستەڕو، كارە ئەنجامدراوەكانیان بۆ دابینكردنی زەوی لەگەڵ كێشە یاسایی و هونەری و مرۆییەكانیان باس كرد.

بەپێی راگەیەندراوەكە ساسان عەونی، جەختی لەسەر جدیەتی پرۆسەكە كردەوە و داوای لە شارەوانییەكان كرد باشتر كار لەسەر ئەو پرۆسەیە بكەن بۆ ئەوەی ئەو فەرمانبەرانەی مەرجەكان دەیانگرێتە سودمەند بن لە وەرگرتنی زەوی، هەروەها جەختی لەسەر چارەسەركردنی داواكاری و كێشەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندارەكانی لەسەر ئاستی پارێزگا و قەزا و ناحیە و بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵ و فەرمانگەكانی تر كرەوە و ئاماژەی بەوەش كرد پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بۆ فەرمانبەرانی سەرجەم وەزارەتەكانە و پێویستە هەمو لایەك لەگەڵ شارەوانی هاوكار و هەماهەنگ بن بۆ ئەوەی پرۆسەكە بە باشی بەڕێوە بچێت.

هەروەها لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار فەرمانگەكانی شارەوانی ڕاسپارد بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی سنورەكانیان كار لەسەر چارەسەركردنی هەر جۆرە گرفتێكی یاسایی و هونەری و پرۆسەی قەرەبوكردنەوە و دەستنیشانكردنی زەوی بكەن و هەوڵبدرێت لە ماوەیەكی دیاریكراودا بە ڕاپۆرت كارەكانیان لەگەڵ گرفتەكانیان بخەنەڕو، ئەو شارەوانییانەی زەویان نییە، زەویان لە شوێنی تر بۆ بدۆزنەوە، هەروەها ڕوپێو و پێداویستی پرۆسەكەش دابین بكرێت و كێشەكان چارەسەر بكرێن، دەبێت پرۆسەكە بە باشی بەڕێوەبچێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×