پەیامی ئۆجەلان بەبۆنەی 8ی مارس بڵاوكرایەوە
  2025-03-08       300       

پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە بەبۆنەی 8ی مارس، ئەمڕۆ شەممە، لە ئاهەنگی رۆژی جیهانی ژناندا لە ئامەد خوێندرایەوە. ئۆجەلان دەڵێت، بانگەوازەكەم بۆ "ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراسی" بۆ ژنانیش رێنسانسە. جەختیشدەكاتەوە كە پرسی ژن لە پرسی كورد قوڵترە.

ئاوینە: ئۆجەلان پەیامەكەی لەژێر ناونیشانی "پرەنسیپی سەرەکیی من، ژیانێکی ئەفسوناوییە لەگەڵ ئێوەدا!"یەو تێیدا دەڵێت،"پیرۆزی هی ژنانە. ژن خۆی گەردونە. پیاو هەسارەیەکی سەرگەردانە لە خولگەیەكی ئەم گەردونەدا. ژن بۆ یەکەمجار زمانی ئافراند تا بانگی منداڵەکەی بکات. ژن کولتوری داهێنا. ژن کۆمەڵگەی داهێنا. پیرۆزی و خوداوەندی هی ژنە."

ئاماژە بەوەشدەدات"پاش هەڵوەشانەوەی کولتوری ژنی پێشەنگ، لەگەڵ میتانییەکاندا ژنی کۆشکەکان دەرکەوتن. نەفەرتیتی ژنی سەر بە کۆشکە. ژنانی کۆشکی ئەو سەردەمە، لە پرۆسەی مێژودا بون بە ژنی ماڵەوەی ئەم سەردەمە."

دەشڵێت"سەرلەنوێ لەدایکبونەوە زۆر گرنگە. دەبێت ژنان لەڕوی کولتوری و کۆمەڵایەتی و مێژوییەوە هەڵبسەنگێندرێن، نەوەک لەڕوی بایۆلۆژییەوە. وەک سیمۆن دی بۆڤواریش دەڵێت، مرۆڤ بە ژنی لەدایک نابێت، دەکرێت بە ژن."

هێمای بۆ ئەوەش دەكات "من دژی خۆشەویستی و هاوسەرگیری نیم. بەڵام ڕۆژ نییە لەژێر ناوی خۆشەویستیدا تاوانی دڕندانە ئەنجام نەدرێت. کەسێکی ئەویندار چۆن خۆشەویستەکەی دەکوژێت؟ ئەمە خۆشەویستی نییە. تا ئێستە زۆر ژن بەهۆی پەیوەندییەکی لەم جۆرەوە خۆیان کوشتوە. هەروەها، کولتوری ژنی ئازاد هەیە. ئێستە ئێوە لەم کولتورە نزیک بونەتەوە. ژنان دەیانەوێت سنورەکانی دایکبون و هاوسەربون تێپەڕێنن. بەڵام هێشتاش 10%ی کولتوری ژنی ئازاد دەژین."

ئۆجەلان دەشڵێت"خاڵی سەرەکی، شەڕکردنە دژی زیهنیەت. سیستەمی کۆمەڵایەتیی پیاوسالار هەردەم کێشە بۆ ژنان دەسازێنێت. توندوتیژی هەیە، داگیرکاری هەیە، زینای مەحرەم هەیە، دەستدرێژیی ڕەگەزی هەیە، ئەگەری کوشتنی منداڵی کچ هەیە. گەر لە ئایندە منداڵە کچەکان بکوژرێن، ئێوە چ دەکەن؟ کاتێک باسی کولتوری ساتی دەکەم، تیشک دەخەمە سەر ئەم ڕاستییە. پێویستە ئێوە دژی ئەم کولتورو زیهنیەتە شەڕ بکەن. لەم ڕوەوە، دوچاری کێماسی و ناکۆکی بون، خۆتان لەم کێماسی و ناکۆکییانە دەربازبکەن."

جەختیش دەكاتەوە كە "پرسی ژن لە پرسی کورد قوڵترە. پرسی ژن لە پرسی کورد گەورەترە. لەم ڕوەوە، ئێمە تەنیا هەنگاوێکی سەرەتاییمان ناوە. کولتوری شەڕو پێکدادان زیاتر دژی ژنان بەڕێوەدەچێت. لەناوبردنی ئەم کولتورە، داینەمۆی تێکۆشانی ئێمەیە. رۆحی ئەم سەردەمە، سیاسەتی دیموکراسییە، زمانی ئەم سەردەمە، زمانی ئاشتییە. بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" هاوکات ڕێنێسانسێکە بۆ ژنان."

لەكۆتاییشدا دەڵێت"بە عەشقی مەم و زین و عەشقی دەروێش عەبدی، سڵاو لەو ژنانە دەکەم کە گوێ لە بانگەوازەکەم دەگرن و باوەڕیان بە پێکەوەژیانە. 8ی ئادار ڕۆژی جیهانیی ژنانی کرێکار پیرۆز دەکەم."

دەقی پەیامەكەی ئۆجەلان:

پرەنسیپی سەرەکیی من، ژیانێکی ئەفسوناوییە لەگەڵ ئێوەدا!

من دەزانم لەسەر خاکی خۆبون، ئێوە بە هەمو جۆرێک ڕاستی مرۆڤایەتی دەژین. ئێوەی ژنان خاوەن بەهای ئەفسوناوین و من هەرگیز دەستبەردارنەبوم لە ژیانکردن لەگەڵ ئێوەدا. ژیانێکی لەم جۆرە بوە ئەو بنەمایەی من بەپێوە ڕادەگرێت. بەڵام ئەو ڕاستییەی بۆ یەکەمجارە ئەوەندە شکۆمەند و ئازادە، هێندەی پێشینەکانی تری میزۆپۆتامیا شکۆدار دەبێت.

پرسی ئازادی ژنان هێشتا گرنگی خۆی پاراستوە. قۆناغی کۆمۆناڵیستی دیموکراتی ڕەوشی هاوچەرخی بەکۆمەڵگەبونی ژنی پێشەنگە. بەدەستهێنانی ڕاستی کۆمەڵایەتی تەنیا بەم ڕێگەیە ڕێی تێدەچێت. تاوەکو کەلتوری گێچەڵ/دەستدرێژیی ڕەگەزی لەناونەچێت، لە گۆڕەپانەکانی زانست و ئێستاتیکا و ئاییندا، هەقیقەتی کۆمەڵایەتیش دەرناکەوێت. وەک ئەوەی لە مارکسیزمدا سەلماوە، تاوەکو کولتوری پیاوسالاری لە قوڵایی کۆمەڵگەی مۆدێرندا بنەبڕ نەکرێت، سەرکەوتنی سۆسیالیزم نامومکینە. ڕێگەی سۆسیالیزم بە ئازادیی ژندا تێدەپەڕێت. تاوەکو ئازادی ژن نەیەتەدی، ناتوانن ببنە سۆسیالیست و سۆسیالیزم بەدی نایەت. تا دیموکراسی نەبێت، سۆسیالیزمیش نابێت. یەکەم ئەزمونی من لەگەڵ سۆسیالیزم، بە شێوازی گفتوگۆ لەگەڵ ژنێکدا دەرکەوت. ئەو کەسەی نەزانێت چۆنچۆنی لەگەڵ ژنێکدا بدوێت، ناتوانێت ببێتە سۆسیالیست. سۆسیالیستبونی پیاوێک بە پەیوەندیی ئەوەوە لەگەڵ ژنێکدا، گرێدراوە.

پیرۆزی هی ژنانە. ژن خۆی گەردونە. پیاو هەسارەیەکی سەرگەردانە لە خولگەیەكی ئەم گەردونەدا. ژن بۆ یەکەمجار زمانی ئافراند تا بانگی منداڵەکەی بکات. ژن کولتوری داهێنا. ژن کۆمەڵگەی داهێنا. پیرۆزی و خوداوەندی هی ژنە. من ئایدۆلۆژیای ڕزگاریی ژنانم پێشخست کە لە چوار بوار پێکدێت. ئەمە تیۆرێکە. کولتوری ژنی پێشەنگ، سەردەمی خوداوەندەکان دەگەڕێتەوە بۆ نێوان 10 هەزار ساڵ و 4 هەزار ساڵ پێش زایین. ئایینە یەکتاپەرستەکان بە بابل دەستیان پێ کرد. داستانی بابل، داستانی کۆیلەکردنی ژنە. داهێنانی داستانی بابل پێکهێنەرێکی سەرەکیی میتۆلۆژیای میزۆپۆتامیایە. لەنێوان ساڵانی 4 هەزار و 2 هەزار ساڵ پێش زایین، شکستی کولتوری ژن دەستی پێ کرد. پاش هەڵوەشانەوەی کولتوری ژنی پێشەنگ، لەگەڵ میتانییەکاندا ژنی کۆشکەکان دەرکەوتن. نەفەرتیتی ژنی سەر بە کۆشکە. ژنانی کۆشکی ئەو سەردەمە، لە پرۆسەی مێژودا بون بە ژنی ماڵەوەی ئەم سەردەمە. وەک ئێوەش دەزانن، کولتور و نەریتی ساتی هەیە. لە کەلتوری ساتییەکان، ژنان فڕێدەدرانە نێو ئاگر و دەسوتێنران. لە ساڵی ١٨٣٢شدا، ئەمە ڕویدا. پاشان، ئینگلیزەکان کۆتاییان بەم کولتورە هێنا.

سەرلەنوێ لەدایکبونەوە زۆر گرنگە. دەبێت ژنان لەڕوی کولتوری و کۆمەڵایەتی و مێژوییەوە هەڵبسەنگێندرێن، نەوەک لەڕوی بایۆلۆژییەوە. وەک سیمۆن دی بۆڤواریش دەڵێت، مرۆڤ بە ژنی لەدایک نابێت، دەکرێت بە ژن. من دژی خۆشەویستی و هاوسەرگیری نیم. بەڵام ڕۆژ نییە لەژێر ناوی خۆشەویستیدا تاوانی دڕندانە ئەنجام نەدرێت. کەسێکی ئەویندار چۆن خۆشەویستەکەی دەکوژێت؟ ئەمە خۆشەویستی نییە. تا ئێستە زۆر ژن بەهۆی پەیوەندییەکی لەم جۆرەوە خۆیان کوشتوە. هەروەها، کولتوری ژنی ئازاد هەیە. ئێستە ئێوە لەم کولتورە نزیک بونەتەوە. ژنان دەیانەوێت سنورەکانی دایکبون و هاوسەربون تێپەڕێنن. بەڵام هێشتاش 10%ی کولتوری ژنی ئازاد دەژین. خاڵی سەرەکی، شەڕکردنە دژی زیهنیەت. سیستەمی کۆمەڵایەتیی پیاوسالار هەردەم کێشە بۆ ژنان دەسازێنێت. توندوتیژی هەیە، داگیرکاری هەیە، زینای مەحرەم هەیە، دەستدرێژیی ڕەگەزی هەیە، ئەگەری کوشتنی منداڵی کچ هەیە. گەر لە ئایندە منداڵە کچەکان بکوژرێن، ئێوە چ دەکەن؟ کاتێک باسی کولتوری ساتی دەکەم، تیشک دەخەمە سەر ئەم ڕاستییە. پێویستە ئێوە دژی ئەم کولتورو زیهنیەتە شەڕ بکەن. لەم ڕوەوە، دوچاری کێماسی و ناکۆکی بون، خۆتان لەم کێماسی و ناکۆکییانە دەربازبکەن.

پرسی ژن لە پرسی کورد قوڵترە. پرسی ژن لە پرسی کورد گەورەترە. لەم ڕوەوە، ئێمە تەنیا هەنگاوێکی سەرەتاییمان ناوە. کولتوری شەڕو پێکدادان زیاتر دژی ژنان بەڕێوەدەچێت. لەناوبردنی ئەم کولتورە، داینەمۆی تێکۆشانی ئێمەیە. رۆحی ئەم سەردەمە، سیاسەتی دیموکراسییە، زمانی ئەم سەردەمە، زمانی ئاشتییە. بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" هاوکات ڕێنێسانسێکە بۆ ژنان. بە عەشقی مەم و زین و عەشقی دەروێش عەبدی، سڵاو لەو ژنانە دەکەم کە گوێ لە بانگەوازەکەم دەگرن و باوەڕیان بە پێکەوەژیانە. 8ی ئادار ڕۆژی جیهانیی ژنانی کرێکار پیرۆز دەکەم.

سڵاو و خۆشەویستی خۆمتان بۆ دەنێرم.

عەبدوڵا ئۆجەلان

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×