وەزارەتی كارەبا: كارەبای 24 سەعاتی گەیشتە چوار گەڕەكی دیكەی هەولێر
  2025-03-08       274       

وێڕای ناڕەزایەتییەكان لەبارەی بەرزی نرخی كارەبای 24 سەعاتی، حكومەتی هەرێم بەردەوامە لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكەو ئەمڕۆش وەزارەتی كارەبای هەرێم رایگەیاند، كارەبای 24 سەعاتیان گەیاندۆتە چوار گەڕەكی دیكەی شاری هەولێر.

ئاوێنە: وەزارەتەكە، ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، لەچوارچێوەی پڕۆژەی ڕوناکیدا، كارەبای 24 کاتژمێری بۆ چوار گەڕەکی دیکەی شاری هەولێر دابین دەكرێت کە بریتین لە گەڕەکەکانی (زانیاری، تەعجیل، عەرەبان و منارە) کە نزیکەی 12 هەزار هاوبەشی لەخۆگرتوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە، پێشتر كارەبای گەڕەكانی (شادی، بەهاری نوێ، نازناز، بەختیاری، سەربەستی، کوران، کوردستان، ماجیداوە، ڕزگاری، بەهار، کرێکاران، ئازادی، ڕاستی، نیشتیمان، ڕاپەڕین، نەورۆز و ماردین) لە هەولێر و (ئیبراهیم پاشا، سابونکەران، دارۆغا، حاجی حان، جادەی ئۆرزدی، سەلیم بەگ و خانەقا) لە سلێمانی كراوەتە 24 سەعاتی و بەکۆی گشتی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا 22 گەڕەک و نزیکەی 90 هەزار هاوبەش و زیاتر لە 300 هەزار هاوڵاتی لەم پڕۆژەیە سودمەند بون.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، هەروەها لە ماوەیەکی نزیکیشدا، یەکەمین گەڕەکی پارێزگای دهۆکیش کارەباکەی دەبێتە 24 کاتژمێری.

وەزارەتی كارەبا پێشتر رایگەیاندبو، لەچوارچێوەی پڕۆژەی روناكیدا، تا كۆتایی ساڵی 2026 کارەبای سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەكرێتە 24 کاتژمێری.

بەردەوامی پڕۆژەی روناكی لەكاتێكدایە كە هاوڵاتیانی ئەو گەڕەكانەی كە كارەباكەیان كراوەتە 24 سەعاتی، ناڕەزایەتی دەردەبڕن لەبارەی بەرزی نرخی كارەباكەیان و بەشێك لە پەرلەمانتارانیش باس لەوە دەكەن بەهۆی بەرزی نرخی كارەباوە، پڕۆژەكە هاوڵاتیان دەكاتە "كرێچی."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×