كەشناسی هەرێم پێشبینی دەكات، ئەمڕۆ شەممە و سبەی یەكشەممە، باران بارین لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێم بەردەوام بێت و دابارین لە هەندێك كات و شوێن بەشێوەی لێزمەباران بێت و پلەكانی گەرماش چەند پلەیەك نزم ببنەوە.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وتی، ئەمڕۆ شەممە، ئاسمان هەورى باراناوى دەبێت لە زۆربەى کاتەکاندا، رێژەى دابارین لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان زیاترە بەراورد بە ناوچەکانى ترى هەرێم.
كەشناسی ئاماژەی بەوەداوە كە ئەمڕۆ پلەكانی گەرما 2 تا 4 پلە نزمتر دەبن لە چاو تۆماركراوەكانی دوێنێ.
هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، سبەی یەكشەممە، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی باران لە هەندێ كات و شوێن، لە كاتەكانی ئێوارەدا هەندێ جار باران بارین بەشێوەی لێزمە باران دەبێت.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە سبەی پلەكانی گەرما نزیك دەبن لە تۆماركراوەكانی ئەمڕۆ.
كەشناسی هەرێم پێشبینی كردوە بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بەم جۆرە بن: ھەولێر: 19، سلێمانی: 16، دھۆک: 18، کەرکوک: 20، ھەڵەبجە: 16، زاخۆ: 18، حاجی ئۆمەران: 3، سۆران: 17، گەرمیان: 20 پلە.