ئەردۆغان: داوا لە كورد دەكەم وەك نەوەكانی سەلاحەدینی ئەیوبی پێكەوە روبەڕوی زایۆنیزم ببینەوە
  2025-03-07       534       

سەرۆك كۆماری توركیا لەمیانەی كۆبونەوەی لەگەڵ ژمارەیەك لەئەندامانی هێزە ئەمنی و سەربازییەكانی وڵاتەكەی لەبارەی پرۆسەی ئاشتییەوە قسەی كرد.
 
ئاوێنە: هەروەها دەڵێت "ئەمڕۆ لە بەدیهێنانی ئامانجی توركیایەكی بێ تیرۆر لە هەموو رەهەندەكانییەوە لە هەموو كاتێك زیاتر پێگەمان زۆر بەهێزترە. ئەمجارە زۆر نزیكین لە رزگاربوونی هەتاهەتایی لە تیرۆرێك كە 40 ساڵە خوێن و داهاتی نیشتمانی هەڵدەمژی. بەڕاستی سەختە سیاسەتوانێك پشت لە هەنگاوێكی وەها مێژوویی بكات. ئەركی سەرشانی ئێمەیە بەرژەوەندی 85 ملیۆن هاووڵاتییمان لەبەرچاو بگرین.".

ئەردۆغان دەڵێت، "ئامانجی سەرەكیمان لەم هەموو كارەدا گرتنەبەری كەشێكی پڕ لە ئارامی و سەقامگیرییە كە تێیدا كارمەندێكی هێزە ئەمنییەكانمان خوێن بە پەنجەیەكیشی نەیەت. بەدیهێنانی توركیایەكە تێیدا برایەتی و تەبایی و هەرەوەزی لەسەرووی هەموو شتێكەوە بێت."
  
ئەردۆغان راشیگەیاند "جیهان و ناوچەكەمان لە سەردەمێكدا تێدەپەڕێت گۆڕانكاری گەورە تێیدا روودەدات. ئێمە لە توركیا پێویستە بەوپەڕی هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بكەین. زلهێزە رەشەكوژ و جینۆسایدكارەكان لەو رۆژەی بڕیاری دابەشكردنی خاك و نیشتمانیان داین، ئێمەش پێویستە بەرامبەر ئەم پیلانگێڕییانە كار بكەین و رێگە نەدەین دوای سەدەیەك هەمان سیناریۆ دووبارە بكەنەوە. ئەگەر ئەمە نەكەین نە باب و باپیرانمان، نە نەوەی نوێمان لێمان نابوورن". 
 
هاوكات ئەردۆغان بانگەوازی لە كورك كرد "ئێمەی نەوەی سوڵتان ئاڵپئەرسڵان و سەلاحەدین ئەیووبی، دەبێ دەست لەناو دەست بنێین و شان بەشان كاربكەین و رێگە نەدەین زایۆنیزمەكان نەشتەری نوێ لە جەستەی نیشتمان و ناوچەكەدا بكەن. بە رووخاندنی دیواری تیرۆر كە هەوڵیدەدا برایەتی و تەبایی هەزار ساڵەمان بڕوخێنێت لەگەڵ كورد، لە رووی دیموكراسی و ئازادی و خۆشگوزەرانی و گەشەپێداندا دەرفەتی زۆر گەورەترمان دەبێت."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×