كەشناسی: ئەمڕۆ و سبەی باران دەبێت
  2025-03-07       286       

كەشناسی هەرێم پێشبینی دەكات، ئەمڕۆ هەینی و سبەی شەممە، لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان باران ببارێت كە لە هەندێك كات و شوێن بەشێوەی لێزمەباران و هەورە تریشقە دەبێت و دەڵێت، سبەینێش پلەكانی گەرما چەند پلەیەك نزم دەبنەوە.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وتی، ئەمڕۆ هەینی، ئاسمان بەگشتى هەور دەبێت، لە کاتەکانی ئێوارە لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان نمە باران و بارانی مامناوەند دەبارێت، پاشان لە کاتەکانی درەنگانی شەو کاریگەری دابارین زیاتر دەبێت و زۆربەی ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە و هەندێک کات بەشێوەی لێزمە باران و هەورە تریشقە دەبێت. هەروەها پێشبینی دەکرێت لە ناوچە شاخاوییە سنورییەکانی پارێزگای هەولێر کەمێک بەفرو کڕێوە ببارێت.

لەگەڵ ئەوەش كەشناسی ئاماژەی بەوەداوە كە ئەمڕۆ پلەكانی گەرما كەمێك بەرزتر دەبن لە چاو تۆماركراوەكانی دوێنێ.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، سبەی شەممە، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، لە کاتەکانی بەیانی زودا بارانی مامناوەند دەبارێت پاشان دەگۆڕیت بۆ نمە بارانی پچڕپچڕ لە هەندێک ناوچە، بەڵام کاریگەری دابارین زیاتر دەبێت لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و هەندێک کات لەم ناوچانە باران بە شێوەی لێزمە باران و هەورە تریشقە دەبێت.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە سبەی پلەكانی گەرما 2 تا 4 پلە نزمتر دەبن لە چاو تۆماركراوەكانی ئەمڕۆ.

كەشناسی هەرێم پێشبینی كردوە بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بەم جۆرە بن: ھەولێر: 19، سلێمانی: 16، دھۆک: 20، کەرکوک: 19، ھەڵەبجە: 14، زاخۆ: 22، حاجی ئۆمەران: 5، سۆران: 15، گەرمیان: 21 پلە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×