پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم رەتیدەكاتەوە هیچ گرێبەستێك لەگەڵ كۆمپانیا كرابێت بۆ دابەشكردنی غازی ماڵان. دەشڵێت، لەدژی پڕۆژەی كارەبای 24 سەعاتی "هەڵمەتێكی میدیایی مەترسیدار" دەستپێكراوە، بەڵام حكومەتی هەرێم پلانی خۆی لە هەمو كوردستان جێبەجێ دەكات.
ئاوێنە: پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم، ئەمشەو پێنجشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند"لە چەند کەناڵێک وا بڵاوکراوەتەوە گوایە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی غازی ماڵان گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەک کردوە کە بەرپرسبێت لە دابەشکردنی غازی ماڵان."
وتوشیەتی"ئەم بابەتە هیچ ڕاستییەکی نییە و هیچ گرێبەست و ڕێککەوتنێک لەگەڵ کەس لەئارادا نییە و شێوازی بەدەستگەیشتنی غاز بەهەمان سیستەمی ئێستا دەبێت کە بەنرخی پاڵپشتیکراوە لەلایەن حکومەتەوە."
پێشەوا هەورامانی لە بەشێكی دیكەی رونكردنەوەكەیدا وتویەتی"لەهەمانکاتدا ئەوانەی (دژی روناکین) هەڵمەتێکی میدیایی مەبەستدارییان دەستپێکردوە! دژی پڕۆژەی ڕوناکی و دەیانەوێت لەگرنگی پڕۆژەکە بدەن، ئێمە لەحکومەتی هەرێمی کوردستان دوپاتی دەکەینەوە بە ڕەچاوکردنی دۆخی هاوڵاتییانمان و بەرژەوەندی ئەوان حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی خۆی لەهەمو کوردستان جێبەجێدەکات و بۆیەکەمین جار دوای چەندین ساڵ حوکمڕانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبنە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری."
بەپێی رونكردنەوەكەی وتەبێژی حكومەتی هەرێم "ئێستاش ژمارەی هاوبەشانمان لەپڕۆژەی ڕوناکی بۆتە 86 هەزار خێزان و هەمو خێزانەکانیش لەداهاتو سودمەند دەبن."
هەروەها لە كۆتایی رونكردنەوەكەیدا پێشەوا هەورامانی هەڕەشەی تۆماركردنی داوای یاسایی لەسەر ئەو میدیایانە كردوە كە "هەواڵی ناڕاست" بڵاودەكەنەوە.
دەقی رونكردنەوەكە:
پەیامێک لە وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە
لە چەند کەناڵێک وا بڵاوکراوەتەوە گوایە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی غازی ماڵان گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەک کردوە کە بەرپرسبێت لە دابەشکردنی غازی ماڵان، ئەم بابەتە هیچ ڕاستییەکی نییە و هیچ گرێبەست و ڕێککەوتنێک لەگەڵ کەس لەئارادا نییە و شێوازی بەدەستگەیشتنی غاز بەهەمان سیستەمی ئێستا دەبێت کە بەنرخی پاڵپشتیکراوە لەلایەن حکومەتەوە.
لەهەمانکاتدا ئەوانەی (دژی روناکین) هەڵمەتێکی میدیایی مەبەستدارییان دەستپێکردوە! دژی پڕۆژەی ڕوناکی و دەیانەوێت لەگرنگی پڕۆژەکە بدەن، ئێمە لەحکومەتی هەرێمی کوردستان دوپاتی دەکەینەوە بە ڕەچاوکردنی دۆخی هاوڵاتییانمان و بەرژەوەندی ئەوان حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی خۆی لەهەمو کوردستان جێبەجێدەکات و بۆیەکەمین جار دوای چەندین ساڵ حوکمڕانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبنە خاوەنی کارەبای ۲٤ کاتژمێری.
ئێستاش ژمارەی هاوبەشانمان لەپڕۆژەی ڕوناکی بۆتە ۸٦ هەزار خێزان و هەمو خێزانەکانیش لەداهاتو سودمەند دەبن.
داواکارین میدیاکاران بە ئەمانەت و بە مەسئولییەتەوەو پیشەییانە زانیاری بگەیەننە وەرگرانییان و کارێک نەکەن پیشەیبون و ڕاستگۆییان نیشانەی پرسیاری لەسەر دروستببێت کە بەداخەوە لەسەر بەشێکیان دروستبوەو بەپێچەوانەوە لەمەودوا داوای یاساییان لەسەر تۆماردەکرێت، لەئەگەری بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست.
پێشەوا هەورامانی
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان