وەزارەتی كارەبای هەرێم رایگەیاند، لە چوارچێوەی پڕۆژەی روناكیدا، كارەبای 24 سەعاتی بۆ بازاڕی سلێمانی و بەشێك لە گەڕەكەكانی شارەكە دابین دەكەن. دەشڵێت، تا کۆتایی ساڵی 2026 کارەبای سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەبێتە 24 سەعاتی.
ئاوێنە: وەزارەتی كارەبای هەرێم، ئەمشەو پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"لەچوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، وەزارەتی کارەبا وەک قۆناغێکی ئەزمونی، لەڕێگای پڕۆژەی ڕوناکی هەڵدەستێت بەدابینکردنی کارەبای نیشتیمانی 24 کاتژمێری بۆ بازاڕی سلێمانی و بەشێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی وەک (ئیبراهیم پاشا، سابونکەران، دارۆغا، حاجی حان، مەولەوی، جادەی ئۆرزی، سەلیم بەگ و خانەقا) کە زیاتر لە نۆ هەزار هاوبەشی کارەبای لەخۆگرتوە."
وەزارەتەكە وتوشیەتی"ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە پێشتر 17 گەڕەکی شاری هەولێر کارەبای 24 کاتژمێرییان لەلایەن پڕۆژەی ڕوناکی بۆ دابینکراوەو بەمشێوەیە بەکۆی گشتی نزیکەی 100 هەزار هاوبەش سودمەند دەبن لەم خزمەتگوزارییە لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان."
وەزارەتی كارەبا ئاماژەی بەوەشداوە "پڕۆژەی ڕوناکی لە چالاکییەکانی بەردەوامەو بەمزوانە کارەبای 24 کاتژمێری بۆ کۆمەڵێک گەڕەکی دیکە لەهەر سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان دابین دەکات و تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 کارەبای سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەبێتە 24 کاتژمێری."