دەرمانێكی قاچاخ بە ستیكەری ساختەی وەزارەتی تەندروستی هەرێمەوە بڵاودەبێتەوە
  2025-03-06       216       

بەڕێوەبەرایەتی كوالێتی كۆنترۆڵی دەرمان لە وەزارەتی تەندروستی هەرێم، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، دەرمانێكی قاچاخ كە ستیكەرەكەی ساختەكراوە لە بازاڕەكاندا بڵابۆتەوە بەڵام دواتر رونكردنەوەكەی سڕییەوە. بریكاری وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، لەسەرەتای پێدانی تەندەری ستیكەر بە كۆمپانیاكان تێبینیمان هەبوە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوبەرایەتی كوالێتی كۆنتڕۆڵی دەرمان لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێم رونكردنەوەیەكی لەسەر جۆرە دەرمانێك بەناوی CONCOR 5 MG بڵاوكردەوە كە ستیكەرەكەی ساختەكراوە و دواتر ڕونكردنەوەكەیان سڕییەوە .

لە ڕونكردنەوەكەدا هاتبو،" ئاگاداری گشت پزیشکان و کۆگاکانی دەرمان و دەرمانخانەکان و هاووڵاتیان دەکەینەوە لە بونی دەرمانێکی ساختە بەم زانیاریانەی خوارەوە:

Product name: Concor 5mg

Batch number: E210748

MNF Date: 12/2024

EXP Date: 12/2028

ئەوەش خرابوەڕو"ماددەی ئاماژە پێکراو سەرلەبەری ساختەیە بۆیە خۆتان بەدوربگرن لە بەکارهێنانی، هاوڵاتیانیش ئاگاداردەکەینەوە لە بونی ئەم دەرمانە لە ماڵەوە یان هەر دەرمانخانەیەک بەزوترین کات تیمەکانمان ئاگادار بکەنەوە لە سەرتاسەری کوردستان لە رێگەی ژمارەی هێڵی گەرمی ٠٧٥٠٨٥٩٢٢٢٢ و ٠٧٧٠٨٥٩٢٢٢٢"

دەرمانی CONCOR 5 MG بەكاردێت بۆ نەخۆشی پەستانی خوێن و سستی دەمارەكانی دڵ و ناڕێكی لێدانی دڵ و سنگەكوژێ.

د. ڕەهێڵ فەرەیدون، بریكاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەوبارەیەوە لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،"لەسەرەتای پێدانی تەندەری ستیكەر بە كۆمپانیاکان تێبینیمان هەبوە، بەڵام هەنگاوی باش نراوە بۆ كەمكردنەوەی دەرمانی قاچاخ و ناتوانین لەم ماوەی ساڵێكدا كۆنتڕۆڵی هەمو دەرمانە قاچاخەکان بكەین."

بریكاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتیشی،"بێ ویژدانییە ئەگەر نەڵێین، هەنگاوی باش نراوە، ئێمە لیژنەی كوالێتی كۆنتڕۆڵ و لیژنەی بەدواداچون و قائیمقامیەتییەكانمان هەن، دڵنیاتان دەكەین كە رێژەی دەرمانی قاچاخ كەمی كردوە، ئەوەی روی داوە كۆنتڕۆڵ دەكرێت."

لە پەڕەی فەرمی بەڕێوبەرایەتی كوالیتی كۆنتڕۆڵی دەرمان هاتوە، "ستیکەری تایبەتی KMCA/ وەزارەتی تەندروستی موگناتیسێکی تایبەتی تێدایە و ناتوانرێت ساختە بکرێت. بە ئاراستەکردنی ئامڕازی تایبەتی دژە ساختە ڕەنگی موگناتیسەکە دەگۆڕدرێت بۆ سەوز."

هەر لەو بارەیەوە د. ئازاد مستەفا، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،"پێویستە ئەو كۆمپانیایەی كە ستیكەر بۆ دەرمانەكان بەرهەم دەهێنێت، حزبی نەبێت و هەندێک كۆمپانیا نەهێنێتە خوارەوەو هەندێكیان پێشبخرێن، پێویستە كار لەسەر كوالێتی بەرز لەدەرمان بكرێت، تا دەرمانی قاچاخ بەڕوونی دیاری بكرێت و نەهێڵرێت."

بەڕێوبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە وتیشی،" لە رێگەی لیژنەكانی تەندروستییەوە بە بەردەوامی چاودێری نۆڕینگەكان دەكەین و هەردەرمانێک كوالێتی خراپبێت دەستی بەسەردا دەگرین."

بەڵام ئاراس حەمە سەعید چاودێری تەندرستی و خاوەن بڕوانامەی ماستەر لە نەخۆشییەكانی گورچیلە لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،"هەڵمەتی ستیكەر نەیتوانیوە دەرمانی قاچاخ و نرخ كۆنتڕۆبكات بە چەندین ڕێگای جیاواز ئەو دەرمانە قاچاخانەی دەهێنرێن لە نۆڕینگەكان ساغ دەكرێنەوە، بۆ یەك جۆر نەخۆشی چەندین چارەسەر هەن بەڵام كاتێك بەكاریان دەهێنیت، كاریگەری ئەوتۆیان نییە."

ئاراس حەمە سەعید وتیشی،" ئەو دەرمانانەی كە دەهێنرێن، بڕێک پارەیان لێ وەردەگرن و ستیكەریان پێ دەدەن، زۆرجار نۆڕینگەكان لە خوار نرخی كوالێتی كۆنتڕۆڵ دەیفرۆشن، ئێمە چەند جار هاوارمان كردوە كە خەریكە ستیكەر لە كۆگانی دەرمان هەیە، پێویستە ڕێكاری زانستی ورد بگیرێتەبەر."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×