عێراق "گەورەترین" وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا لەڕێگەی وزەی خۆرەوە دادەمەزرێنێت
  2025-03-06       413       

وەزارەتی كارەبای عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەسپێكی كاركردنی لە پڕۆژەی "خۆری بەسرە" راگەیاند و دەڵێت، گەورەترین پڕۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبایە كە بەسودوەرگرتن لە وزەی خۆر لە عێراق كاردەكات.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتەكە، پڕۆژەی "خۆی بەسرە"، بە هاوكاری لەگەڵ كۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی فەرەنسی جێبەجێ دەكرێت.

وتوشیەتی، دەستكردن بە پڕۆژەكە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی وەزارەتەكەیاندایە بۆ فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی وزەو كۆمپانیا فەرەنسییەكە دەستی بە كارەكانی دامەزراندنی وێستگەكە كردوە كە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لە پارێزگای بەسرە پشت بە وزەی خۆر دەبەستێت.

وەك وەزارەتی كارەبای عێراق ئاماژەی پێداوە، پڕۆژەكە لەسەر روبەری 9 هەزار دۆنم لە بیابانی بەسرە بونیاد دەنرێت و نزیكەی یەك ملیۆن پانێڵ وەرگری خۆر لەخۆدەگرێت كە بەسەر چوار یەكەی بەرهەمهێناندا دابەش بون.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، وێستگەكە، هەزار مێگاوات كارەبای پاك بەرهەمدەهێنێت.

جەختیشی كردۆتەوە، وەزارەتەكەیان سەرپەرشتی پڕۆژەكە دەكات كە هەنگاوێكی ستراتیژییە بۆ كەمكردنەوەی پشتبەستن بە هاوردەكردنی سوتەمەنی لە دەرەوەی وڵات و بەهێزكردنی ئاسایشی وزەی وڵات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×