رۆژی 1ی ئەم مانگە پەكەكە وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ بانگەوازەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان ئاگربەستی راگەیاند. بەڵام هەپەگە دەڵێت، وێڕای ئاگربەست، سوپای توركیا لە ئاسمان و زەمینەوە بەردەوام بوە لە هێرشەكانی بۆ سەر گەریلا لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و 828 جار هێرشی كردۆتە سەر گەریلا.
ئاوێنە: ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل-هەپەگە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەدا، لە رۆژانی 4 و 5 و 6ی ئەم مانگە سوپای توركیا لە ناوچەی خواكورك، 8 جار بە فڕۆكەی جەنگی هێرشی كردۆتە سەر گەریلا.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە، سوپای توركیا رۆژی 4ی ئەم مانگە لە ناوچەی رۆژئاوای زاپ، 9 جار بە هەلیكۆپتەر هێرشی كردۆتە سەر گەریلا.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، رۆژانی 4 و 5 و 6ی ئەم مانگە، سوپای توركیا لە ناوچەی خواكورك 811 جار بە تۆپ و چەكی قورس سەنگەرەكانی گەریلای بۆردومان كردون.
هەپەگە وتوشیەتی، لەکاتێکدا هێزەکانمان ئاگربەستیان ڕاگەیاندوە، لە ناوچەی گارە لە قەڵای سەدام و باکرمانەوە کە لەژێر کۆنتڕۆڵی پارتیدان، فڕۆکەی سیخوڕی بچوک هەڵدەدەن و بە شەو و ڕۆژ سیخوڕی لەسەر ناوچەكانی ژێر دەستی گەریلا دەکەن و بەپێی ئەو زانیارییانەی لەم کارە بەدەستی دەهێنن، گۆڕەپانەکانی گەریلا بۆردومان دەکەن.
وتوشیەتی"دەبێت ئەم کارە بوەستێنرێت کە سەلامەتی هێزەکانمان دەخاتە مەترسییەوە، ئەگەر نەوەستێنرێت، بۆ سەلامەتی خۆمان، مافی خۆمانە لەو شوێنانە وەڵام بدەینەوە کە فڕۆکەکان لێیەوە ڕەوانە دەکرێن. ئێمە ڕایدەگەیەنین، لەپێناو بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانمان، دەبێت کۆتایی بەم کارە بهێنرێت."