دو سەرچاوەی میسری ئهمڕۆ پێنجشەممە ڕایانگەیاند، ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە گفتوگۆ لەنێوان نێردەی ئەمریکی و سەرکردەکانی بزوتنەوەی حەماس و ناوبژیوانانی قاهیرە و دهوحه ئەنجامدراوە.
ئاوێنە: ئەو دو سەرچاوەیە بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕونیان کردەوە، له گفتوگۆکاندا باس لە ئیدارەی غەززە کراوە لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕەکە، هەروەها ناوی ئەو لایهنانهی کە ئیدارەی کەرتی غەززە دەکەن.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، "گفتوگۆکان بە شێوەیەکی ئەرێنی کۆتاییان هاتوە و ئاماژەن بۆ گواستنەوەی نزیک بۆ قۆناغی دوەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە".
کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی دوێنێ چوارشەممە ڕایگهیاند، بەرپرسانی ئەمریکا "گفتوگۆی بەردەوام"یان لەگەڵ بەرپرسانی حەماس ئەنجامداوە و دەستبەرداری سیاسەتێکی لەمێژینەی ئەمریکا بون کە مامەڵەی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ بزوتنەوەکە نەکردوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دانوستانەکان، کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئادەم بوهلەر، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری بارمتەکان، ئەرکی قسەکردنی ڕاستەوخۆی لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس پێسپێردراوه.
هەروەها بەرپرسێکی بزوتنەوەی حەماس بۆ ئاژانسی فرانس پرێس پشتڕاستی کردەوە کە پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا کراوە، سەبارەت بە ئازادکردنی بارمتە ئەمریکییەکان کە هێشتا لە کەرتی غەززە دەستبەسەرن.
ئەمریکا هەمیشە خۆی لە پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بزوتنەوەکە بەدورگرتوە، کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ساڵی 1997دا وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی خستوهتە لیستی ئەو بزوتنەوەیە.
ڕاگەیاندنی ئەو دانوستانانە تەنها پێش هۆشدارییەکی توندی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بو کە ئەگەر حەماس هەمو بارمتە دەستبەسەرکراوەکان ئازاد نەکات دەروازەکانی دۆزەخ دەکرێنەوە.