عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست رایگەیاند، وێڕای هەوڵەكان پارێزەرەكانی و سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم بۆ ئازادكردنی، بەڵام هاوڕێمان ئادەم عوسمان، ماوەی 23 رۆژە بەناهەق لە زیندانی ئاسایشی هەولێر زیندانی كراوە.
ئاوێنە: عەلی حەمەساڵح، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"هەرچەندە پارێزەرەکان (بەشدار حەسەن، کامەران سارمەمی، سەعد سەید محێدین) و سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ هەوڵی تەواویانداوە بۆ ئازادکردنی، بەڵام هاوڕێمان ئادەم عوسمان ماوەی 23 ڕۆژە بەناهەق و بەبێ هیچ تاوانێک لە زیندانی ئاسایشی هەولێرە."
عەلی حەمەساڵح وتویەتی"تۆمەتێکی ناڕەواو زۆر سەیر دراوەتە پاڵی، ڕۆژی 9ی 2، کە خۆپیشاندانی مامۆستایان بو و ویستیان بێنە هەولێر، کاک ئادەم لەگەڵ ئێمەدا بوەو شۆفێربوە، گوایە ئێمە ڤیدۆیەکمان تۆمارکردوە! دواتر کەناڵێکی عەرەبی بڵاوی کردوەتەوە، ڤیدۆکە بچوکترین سەرپێچی یاسایی تێدانییە، ئەو شوێنەش قەدەغەنییە."
ئاماژەی بەوەشداوە"ڤیدۆکەش پەیوەندی بە ئێمەوە نەبو، بۆ خاوەنداری ڤیدۆکەش کەناڵی كەی ئێن ئێن، ڕایگەیاند: ڤیدیۆکە ڤیدۆیەکی ئاساییەو ئەوان تۆماریان کردوەو هیچ سەرپێچییەکی یاسایی تێدانییە."
بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست جەختی كردۆتەوە "ئێمە ئەمە بە زیندانیکردنێکی سیاسی دەزانین؛ داواکارین لایەنی پەیوەندیدار لەزوترین کاتدا کاک ئادەم ئازادبکات، کە بچوکترین تاوانی نییە."