بەرەی گەل لە ساڵیادی راپەڕیندا باس لە راپەرینێكی تر بۆ "راماڵینی سەرانی دەسەڵات" دەكات
  2025-03-05       275       

بەرەی گەل لە ساڵیادی راپەڕیندا رایگەیاند، حوکمرانی پارتی و یەكێتی لای خەڵک بەجۆرێک بەدناو بوە کە هەمو ساڵێک لەگەڵ یادکردنەوەی راپەڕیندا داوای راپەڕینێکی تربکەن بۆ راماڵینی سەرانی دەسەڵات. جەخیشدەكاتەوە كە سیاسەتی پارتی و یەكێتی بۆ درێژەدان بەم جۆرە حوكمڕانییە، شكستی خواردوەو دەبێت لەڕیشەوە دەربهێنرێت.

ئاوێنە: بەرەی گەل، ئەمڕۆ چوارشەممە، پەیامێكی بەبۆنەی 34 ساڵەی یادی راپەڕینی خەڵكی كوردستان دژبە رژێمی بەعس بڵاوكردەوە.

بەرەی گەل ئاماژەی بەوەداوە"بەهۆی تاکڕەوی دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتییەوە ئەو حکومەتەی کە ڕاپەڕین دروستیکرد کەوتوەتە ژێر پرسیارەوە."

وتوشیەتی"حوکمرانی پارتی و یەكێتی لای خەڵک بەجۆرێک بەدناو بوە کە هەمو ساڵێک لەگەڵ یادکردنەوەی راپەڕیندا داوای راپەڕینێکی تربکەن بۆ راماڵینی سەرانی دەسەڵات."

بەرەی گەل جەختیشی كردۆتەوە "ئەگەر پارتی و یەکێتیی پێیان وایە بە ڕێکەوتنی دوقۆڵی و بەتەنیا دەتوانن درێژە بەم جۆرە حوکمڕانییە بدەن و تەبایی خۆیان لەدزینی سەروەت و سامانی خەڵک، لەدزینی دەنگی گەل، لەسەرکوتکردنی دەنگی ئازادیخواز دەبیننەوە، ئەوا دڵنیابن ئەم جۆرە سیاسەتە شکستی خواردوە و دەبێت لەریشەوە دەربهێنرێت."

دەقی پەیامەكە:

هاونیشتمانیانی خۆشەویست

کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان...

ئەمڕۆ 34 ساڵ تێدەپەرێ بەسەر ڕاپەرینە مەزنەکەی گەلەکەمان لەباشوری کوردستان. ئەو راپەڕینەی کە بۆ یەکەمجار لەمێژوی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورددا توانی دەسەڵاتی داگیرکاری و دیکتاتۆری، حوکمی ملهوڕی و تاکڕەوی رابماڵێت و ماناکانی ئازادی و سەرفرازی بۆ مرۆڤی کورد بگەڕێنێتەوە.

لەم روانگەوە، ئەگەر راپەرین سەرەتای وەرچەرخانێکی نوێ بێت بۆ خەڵکی کوردستان کە تیایدا پایەکانی حوکمڕانی خۆماڵی لەپەرلەمان و دادگا و دامەزراوەی جێبەجێکردنی خستبێتە قاڵبی یاسایی و دەستوری و سەرەتای دانپێدانانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش بێت بەدۆزی رەوای گەلەکەمان، ئەوا ئێستا بەهۆی تاکڕەوی دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتییەوە ئەو حکومەتەی کە ڕاپەڕین دروستیکرد کەوتوەتە ژێر پرسیارەوە.

حوکمرانی پارتی و یەكێتی لای خەڵک بەجۆرێک بەدناو بوە کە هەمو ساڵێک لەگەڵ یادکردنەوەی راپەڕیندا داوای راپەڕینێکی تربکەن بۆ راماڵینی سەرانی دەسەڵات.

ئەگەر پارتی و یەکێتیی پێیان وایە بە ڕێکەوتنی دوقۆڵی و بەتەنیا دەتوانن درێژە بەم جۆرە حوکمڕانییە بدەن و تەبایی خۆیان لەدزینی سەروەت و سامانی خەڵک، لەدزینی دەنگی گەل، لەسەرکوتکردنی دەنگی ئازادیخواز دەبیننەوە، ئەوا دڵنیابن ئەم جۆرە سیاسەتە شکستی خواردوە و دەبێت لەریشەوە دەربهێنرێت.

بەرزو پیرۆز بێت رۆحی شەهیدانی رێگای ئازادی و شکۆی گەلی کوردستان.

بەرەی گەل

5/3/2025

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×