جێگری سەرۆك كۆماری ئێران بۆ كاروباری ستراتیژی ڕایگەیاند، ئێمە ناتوانین بەو شێوەیەی زێلێنسكی مامەڵە لەگەڵ ترەمپ بكەین، ناتوانین لەژێر فەرمانی لەسەرووتری خۆمان مامەڵە بكەین.
ئاوێنە: محەمەد جەواد زەریف، جێگری سەرۆك كۆماری ئێران بۆ كاروباری ستراتیژی سەبارەت بە ئەگەری دانووستان لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، لەبارەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی ڕایگەیاند، ئێمە مێژووییەكی ٢٢٠ ساڵەییمان هەیە، وەك ئۆكراین نین، ناتوانین بەو شێوەیەی زێلێنسكی مامەڵە لەگەڵ ترەمپ بكەین، هەروەها ناتوانین لەژێر فەرمانی لەسەروتری خۆمان مامەڵە بكەین.
وتیشی، زێلێنسكی ناتوانێت بڕیارێكی یەكلاكەرەوە بدات سەبارەت بە دانووستان لەگەڵ ڕووسیا، ئەمڕۆ ئێران گەیشتووەتە قۆناغێك بە ناچاری بڕیار بدات، ئێمە زێلێنسكی نین و دەتوانین دانووستان بكەین بەبێ وەرگرتنی فەرمان لە هیچ كەسێك.
جێگای ئاماژەیە، محەمەد جەواد زەریف دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشی سەرۆككۆمار كرد، بەڵام فاتیمە موهاجرانی وتەبێژی حكومەتی ئێران لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، مەسعوود پزیشكیان دەستلەكاركێشانەوەی قبوڵ نەكردووە.