هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، تورکیا و گروپە چەكدارەكانی بەردەوامن لە هێرش بۆ سەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هێرشێكی توركیا و گروپە چەكدارەكانی بۆسەر بەنداوی تشرین تێكشكێندراوە و دو فڕۆكەی بێفرۆكەوانیش خراونەتە خوارەوە.
ئاوێنە: ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە، ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی توركیا دوێنێ چەندین هێرشێكیان بۆ سەر خانوی کرێکارانی بەنداوی تشرین دەستپێکرد و زیانی ماددییان پێگەیاند.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەگەڵ هێرشەكەی توركیا، گروپە چەكدارەكان هێرشیانکردە سەر یەکێک لە خاڵەکانی هێزەکانیان لە لادێکانی باکوری بەنداوەکە، بۆیە شەڕڤانان ڕوبەڕویان بونەوە و پێکدادان لەگەڵیان ڕویدا، کە تێیدا ژمارەیەک چەكدار کوژران و برینداربون، بەڵام ژمارەیان نەزانرا. لە کاتی پێکدادانەکاندا شەڕڤانان توانیان دو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی گروپەكان بخەنە خوارەوە و هێرشەکە پوچەڵ بکەنەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، لە بەرەی قەرەقۆزاكەوە توركیا و گروپە چەكدارەكانی بەردەوامبون لە هێرش و تۆپبارانکردنی گوندەکانی "ئەلتینا، جەعدە، بیر حەسۆ، غەسق، دیکان" و گردەکانی "سێوی و قەرەقۆزاک" بە تۆپی قورس و تانک و موشەک هەڵگر و گوللـە هاوەن، لە ئەنجامدا زیانی مادی بەر و موڵکی دانیشتوان كەوت.