وەزارەتى پێشمەرگە وادەى دابەشکردنى هاوکاریى دارایی مانگى دووی هاوپەیمانانى بۆ لیواکانى پێشمەرگە راگەیاند.
ئاوێنە: وەزارەتى پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە "هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى دوو بەسەر ئەفسەر و پێشمەرگەکانی سەربە دیوانی وەزارەت و یەکەكانى پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەشدەکرێت".
ئەوەش خراوەتە روو، دوای ئەوەی هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بوودجە و بەرنامەکان (ژمێریاری سەربازی)، رێکارە دارایی و ژمێریارییەکانی بەکۆتا هێناوە، بۆ ئەم مەبەستەش رۆژی پێنجشەممە ٦ـی ئازاری ٢٠٢٥، هاوکاری هاوپەیمانان بۆ مانگی دوو دابەشدەکرێت.
هێزەکانی هاوپەیمانان دووپاتیان کردەوە، کە هاوکاری دارایی بەردەوام دەبێت، لەم مانگەدا سەرووی (٤٦٠٠٠) چل و شەش هەزار پێشمەرگە و ئەفسەری سەربە وەزارەتی پێشمەرگە لە رێگەی پڕۆژەی هەژماری من هاوکاری هاوپەیمانان وەردەگرن، ئەوانی تریش لە رێگەی سیستەمی بانکیەوە هاوکارییەکان وەردەگرن.