2025-03-04   1695     
بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق، رێباز حەملان بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق دەست لەکارکێشانەوەی پێشکەشکردووە، بەڵام ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ رەزامەندی لەسەر نەداوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە میدیای پارتی وت "رێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق دەست لەکار کێشانەوەی پێشکەشکردووە، بەڵام تائێستا ئەمیندارێتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر نەداوە".
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە "ماوەی مانگێکە رێباز حەملان دەوامی نەکردووە و هۆکاری دەست لەکار کێشانەوەی پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ناوبراو داوای کردووە دۆسیەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رادەستی ئەو بکرێت، تاوەکو کۆتایی بەو کێشانە بهێنرێت کە ساڵانێکە لەسەر ئەو بابەتە هەن، بەڵام وەزیری دارایی عێراق و محەممەد شیاع سوودانی رازی نەبوونە".
ئەو زیاتر ئاشکرا دەکات و دەڵێت "لەسەر دواکەوتنی مووچە بەشێوەیەکی بەردەوام و خەرجنەکردنی مووچەی مانگی 12 ساڵی رابردوو، دەنگە دەنگ لەنێوان تەیف سامی و رێباز حەملان دروستبووە و ئەمەش هۆکارێکی دیکەی دەستلەکارکێشانەوەیەتی".
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو میدیایە، رێباز حەملان لەمامەڵەی سەرۆک وەزیرانی عێراق نیگەران و توڕەیە. "بەو پێیەی لەسەر دۆسیەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان زۆرجار کێشەی بۆ درووستکردوون".