ئەمریكییەكان داوایان لە بەرپرسانی عێراقی كردووە کە دەستوەردان لە پێنج دامەزراوەی گرنگ رابگرن کە هەریەکە لە "كۆمپانیای سۆمۆ، بانكی ناوەندی، دەزگای دژە تیرۆر، هەواڵگری، دەزگا ئەمنیەكان"ە، بەوتەی پەرلەمانتارێکی عێراقیش بێت کە ئەوانە دەزگای دەوڵەتن "نەك تائیفە".
ئاوێنە: عەدنان زورفی، پەرلەمانتاری عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاشکرای دەکات "ئەوەی لە ئەمریكییەكان تێگەیشتووین لەكاتی گفتوگۆكاندا، داوایان لە بەرپرسانی عێراق كردووە دامەوزراوەكانی (كۆمپانیای سۆمۆ و بانكی ناوەندی و ئاژانسی دژە تیرۆر و هەواڵگری و دەزگا ئەمنیەكان) بگەڕێننەوە بۆ دۆخی ئاسایی كاتی دروستبوونیان".
زورفی وتیشی "ئەمریكییەكان داوایان كردووە، عێراق وەك سیستمی سیاسی دەست هەڵبگرێت لەو پێنج دامەزراوەیەدا و دەستوەردان نەكات لە وردەكارییە تەكنیكیەكانی، ئەگینا دووچاری كێشەو سزا دەبنەوە".
سەبارەت بەهۆکارەکەشی بەوتەی ناوبراو بێت، ئەم دامەزراوانە كاریگەرییان هەیە لەسەر سزاكانی سەر ئێران، هاوکات ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت "وێراى ئەوەى ئەمانە دەزگای دەوڵەتین و پەیوەندییان بە حكومەتەوە نییە، چونكە حكومەتەكان دێن و دەڕۆن، بەڵام دەوڵەت دەمێنێتەوە".
"ئەم دامەزراوانە بەپارەی باجدەری ئەمریكا دروستكراون و ئامادەكراون و راهێنانێكی زۆر ئاست بەرزیان پێكراوە، بۆ تائیفە و كۆمەڵێك خەڵكی دیاریكراو دروست نەكراون، بەڵكو بۆ هەموو عێراقییەكان دروستبووە، بەڵام لە ئێستادا بوون بە دامەزراوەی حكومەت". عەدنان زورفی وا دەڵێ