وەزارەتی پەروەردە: سەرجەم قوتابخانەكان لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە كارەبای بەردەوامیان بۆ دابیندەكرێت
  2025-03-04       289       

وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێم دەڵێت: لە 81 قوتابخانە لە پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، كەركووك و ئیدارە سەربەخۆكان، سیستمی كارەبای وزەی خۆری دانراوە، جەختیش دەكاتەوە سەرجەم قوتابخانەكان لە ڕێگەی وزەی خۆراوە كارەبای 24 كاتژمێرییان بۆ دابیندەكرێت پرۆسەكە بەردەوام دەبێت

ئاوێنە:سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێم ڕایگەیاند: تائێستا لە 81 قوتابخانە لە پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، كەركووك و ئیدارە سەربەخۆكان، سیستمی كارەبای وزەی خۆری دانراوە ئامانج لە دانانی ئەو سیستمە، دابینكردنی كارەبایە بەشێوەی 24 كاتژمێری بۆ قوتابخانەكان، لەو ڕێگەیەوە قوتابخانەكان پێویستیان بە كارەبای موەلیدە نامێنێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕی پێنج ملیار دیناری تەرخان كردووە، بۆ ئەوەی 76 قوتابخانەی دیكەش بە هەمان سیستم كارەبایان بۆ دابین بكرێت.

وتیشی، ئەو پرۆسەیە بەردەوام دەبێت تا تەواوی قوتابخانەكان لە تەواوی هەرێمی كوردستان سیستمی كارەبا بە وزەی خۆریان بۆ دابین دەكرێت. 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×