کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە، لە مانگی شووباتی ئەمساڵدا ١٢ هاوڵاتیی کورد لەلایەن ئێرانەوە لەسێدارە دراون، دەشڵێن، زیاتر لە ٦٣ کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئیتلاعاتی ئێرانەوە بانگهێشت کراون یان دەستگیر کراون.
ئاوێنە: ڕێکخراوی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ئاماری دەستگیرکردن و زیندانیکردن و لەسێدارەدانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە، لە مانگی شووباتی ئەمساڵدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ١٢ کەس لەسێدارە دراون، هەروەها سزای لەسێدارەدان بۆ پزمان سوڵتانی دەستگیرکراوی بەشدار لە شۆڕشی ژینا ئەمینی دەرچوو.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە مانگی رابردوودا زیاتر لە ٦٣ هاوڵاتیی و چالاکوانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە بانگهێشت کراون یان دەستگیر کراون، لەو ژمارەیە چوار کەسیان ژن بوون.
باس لەوەشکراوە، لەو مانگەدا بە تۆمەتی بێ بنەما بە گشتی سزای ١٤ ساڵ و ١١ مانگ زیندانیکردن بەسەر چوار چالاکوانی مەدەنی و ژینگە پارێز سەپێندراوە.
جێگای ئاماژەیە، بە پێی ئاماری مانگانەی ڕێکخراوی کۆمەڵەی مافەکانی کوردستان لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا نۆ هاوڵاتیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە دراون، هەروەها ١٦٦ کەس بانگهێشتی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران کراون یان دەستگیرکراون، کە لەو ژمارەیە حەوت کەسیان ژن بوون.